مووچەی بنەڕەتی کرێکارانی ئیران ٣٥٪ی بژیوییان دابین دەکات

نوێنەری کرێکاران لەئەنجومەنی باڵای کاری ئێران ڕایگەیاند: لێکۆڵینەوەکان دەریدەخات هەڵئاوسانێکی ڕەها لە بازنەی خانوبەرە و بژیوی هەیە و مووچەی بنەڕەتی تەنها ٣٥٪ی بژیوی کرێکاران دابین دەکات.


ئەمڕۆ عەلی خودایی، نوێنەری کرێکاران لەئەنجومەنی باڵای کاری ئێران بە ئاماژەدان بە کێشەی کرێکاران لە دابینکردنی بژیوی ژیانی خۆیان، ڕایگەیاندووە، کە چاوپۆشی کردن لە خراپی گوزەرانی کرێکاران دەبێتە هۆی زیانی گەورەی کۆمەڵایەتی لە داهاتوودا.

خودایی، لەسەر تێکڕای خەرجییەکانی بژیویی کرێکاران وتوویەتی: لێکۆڵینەوەکان لە بازنەی خانوبەرە و تێکڕای بژیوی باس لە هەڵئاوسانێکی لە ڕادەبەدەر دەکات، دوایین لێکۆڵینەوەکانی گروپی کار نیشاندەری ئەوەیە کە مووچەی بنەڕەتی کرێکاران لە بەرامبەر خەرجییەکان دابەزیوە و گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠ بۆ ٣٥٪، ئاستی لانیکەمی خەرجییەکانی ژیانی خانەوادەیەک زیاتر لە پێنج ملیون تمەنە و لە ئێستادا مووچەی بنەڕەتی تەنها ٣٥٪ی بژیوی ژیانی کرێکاران دابین دەکات. 

جێگای ئاماژەیە، لە کاتێکدا ناوەندەکانی ئاماری ئێران باس لە گەیشتنی هێڵی هەژاری بۆ سەروی پێنج بۆ حەوت ملیون تمەنی مانگانە دەکات، لە ئێستادا مووچەی بنەڕەتی کرێکاران لە ئێران بەپێی یاسای کار، کەمتر لە یەک ملیون و ٥٠٠ هەزار تمەنە لە مانگێکدا.

د.ع