میسر، مورسی سیخوڕیی بۆ سوپای پاسداران کردووە

داواکاری گشتی میسر، محەمەد مورسی سەرۆکی لەکار لابراوی میسری تاوانبار کردووە بە سیخوڕیکردن بۆ سوپای پاسدارانی ئێران.


دوێنێ داواکاری گشتی میسر لە دانیشتنی دادگای پێداچونەوە، محەمەد مورسی و ٢٣ کەسی دیکە لە ئەندامانی ئیخوان موسلمین-ی بە پشتبەستن و ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی نهێنی ناوبراوی تۆمەتبار کردووە بەوەیکە بەزیانی میسر سیخوڕیی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران کردووە.

داواکاری گشتی میسر لە دانیشتنی دادگاکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەندامانی گروپی ئیخوان موسلمین لەوانە، موحیی حامد، ئەحمەد عەبدولعاتی، ڕفاعە تەهتاوی، ئەسعەد شەیخە و ژمارەیەکی دیکە لە ئیخوانەکان، بە ئاگاداری محەمەد مورسیی پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێران، حیزبوڵای لوبنان و حەماس کردووە و لەدژی بەرژەوەندییەکانی وڵاتی میسر زانیارییان داوە بە ڕێکخراوە دەرەکییەکان.

ڕاپۆرتەکەی داواکاری گشتی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو ڕاپۆرتانەی یاریدەدەرانی مورسی داویانە بە سوپای پاسدارانی ئێران، گورپی حەماس و حیزبوڵای لوبنان، کاریگەریی خراپی داناوە لەسەر پەیوەندییەکانی میسر لەگەڵ هەندێک وڵات، هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە گروپی ئیخوان موسلمین پلانێکیان بەڕێوەبردووە بۆ ڕووخانی وڵاتانی عەرەبی و پارچەکردنیان لە چوارچێوەی پلانێک کە پێدەوترێت "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ".

ڕاپۆرتەکەی دادوەری گشتی میسر هەروەها باسی ئەوە دەکات کە تاوانبارنی ئەم دۆسیەیە پەیوەندییان کردووە بە گروپە تەکفیرییە تیرۆریستییەکانەوە لە بەرژەوەندی ڕێکخراوی نێودەولەتی ئیخوانەکان و دامەزراندنی هێڵەکانی پەیوەندی بە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە ڕێگای دوو وڵاتی "تورکیا و قەتەر"ەوە.

داواکاری گشتی میسر تاوانبارانی دۆسیەکەی تۆمەتبار کردووە بە پەیوەندی لەگەڵ گروپگەلێک لە دەرەوەی وڵات بە ئامانجی ئەنجامی کردەوەی تیرۆریستی لە ناوخۆی وڵات، ئاشکرا کردنی نهێنییە سەربازییەکانی وڵات بۆ وڵاتانی دەرەکی و گروپە گرێدراوەکانیان، پاڵپشتی ماددی تیرۆریزم، پەروەردەی سەربازی بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئیخوان و گورز وەشاندن لە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی وڵات.

لەم دۆسیەدا لەگەڵ محەمەد مورسی ژمارەیەک دیکە لە ڕێبەرانی گروپی ئیخوان لەوانە، محەمەد بەدیع، ڕێبەری گروپەکە، خێرەت شاتر، جێگری ڕێبەری گروپی ئیخوان، سەعد کەتاتنی، سەرۆکی پێشۆی ئەنجومەنی نوێنەران، عوسام عەریان، جێگری حیزبی ئازادی و داد، باڵی سیاسی گروپی ئیخوان و محەمەد بلتاجی، لە ڕێبەرانی گروپەکە هەن.

داواکاری گشتی میسر، لەم دۆسیەدا، داوای لە سێدارەدانی کردووە بۆ محەمەد مورسی، سەرۆکی لەکار لابراوی میسر و ٢٣ تاوانباری دیکە لە ڕێبەرانی گروپی ئیخوان موسلمین.

د.ع