میوانەکانی کۆنگرەی هەدەپە: با ئەنقەرە دەرگاکانی ئیمرالی بکاتەوە

میوانانی نێونەتەوەیی کۆنگبرەی چوارەمی هەدەپە سەرەڕای دەربڕینی پشتیوانی خۆیان لە گەلی کورد، ئاماژەیان بەوەدا کە ئەردۆغان تێکدەشکێت و ڕایانگەیاند: پێویستە دەرگاکانی ئیمرالی بکرێنەوە.


ئەمڕۆ چوارەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە لە ئەنقەرە دەستیپێکرد و جگە لە ئەندامان دەیان میوان لە دەیان وڵاتی جیهان بەشداری کۆنگرەکەیان کرد و چەند کەسێکیان وتار و پەیامی خۆیان پێشکەشکرد.

قادر کاسرگا، لەسەر ناوی پارتی سۆسیال دیموکراتی سوید و پارتی سۆسیالستی ئەوروپا وتی: "لەم جوگرافیایە زۆرێک خوێن ڕژاوە و کۆمەڵکوژی کراوە، لێرەوە بانگ لە کۆشکی ئەنقەرە دەکەین؛ دەرگاکانی ئیمرالی بکاتەوە و دەست بە دانوستانەکانی ئاشتی بکاتەوە".

تینا کۆکس، سەرۆکی گروپی چەپی ئەنجومەنی پەرلەمانتارانی کۆنسەی ئەوروپا، وتی: بۆ هەڤاڵانمان لەناو چەپەکانی ئەوروپا، تێکۆشانی ئێوە سەرچاوەی سوودوەرگرتنی گەورەیە، هەنگاوەکانی ئێوە باش و بەنرخ دەنرخێنین، تێکۆشانی ئێوە تێکۆشانی ئێمەیە، بەهای پشتیوانی نەتەوەیی دەزانین، دەزانین کە هەرچی فشار و زۆرداریش لەسەرتان زۆر بێت، هەنگاو بەرەو دوواوە نانێن، ئەم پەیامە دەگەینمە هاوڕێیانم.

کۆکس هەروەها، وتی: "لەسەر ناوی چەپەکانی ئەوروپا، بانگەوازی لە ئەردۆغان و کاربەدەستانی تورک دەکەم؛ ئەگەر دەتانەوێت ببنە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، ئەوە بەهایەکی هەیە ئەوەش ئەمەیە کە بەرپرسیارێتی خۆتان بەجێی بێنن".

لۆرنا لۆپز دێلاکاڵ، سەرۆکی هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپاش وتی: لەسەر ناوی ٤٦ پارت لە ١٩ وڵاتی ئەوروپا لێرەم، وەک پارتێک کە بۆ مافی چارەی خۆنووسین تێدەکۆشین "لە گالیچای لە کۆرسیکایس و لە باسک"ـەوە سڵاوم هێناوە، قسەی دەستپێکم بۆ ژنانی ئەم پارتە (هەدەپە)یە؛ سڵاو لە بوێری ئێوە لەکاتە دژوارەکان بە تایبەت سڵاو لە ژنانی ناو زیندانەکان، بەهۆی ئەوەی هەم چالاکوانی سیاسیین هەمیش ژنن، لە کەسایەتی لەیلا گۆڤەن-دا سڵاو لە بڕیارداری و بەرخۆدانتان دەکەم.

هەروەها ژنە شۆڕشگێڕی فڵەستینی "لەیلا خالد" ئەندامی مەکتەب سیاسی "بەرەی ڕزگاری گەلی فەلەستین"، قسەیکرد و وتی: لە هاوڕێیانی زیندانییمەوە لە فەلەستین سڵاوم هێناوە بۆ ئەو هەڤاڵانەی لە زیندانەکان بەرخۆدان دەکەن، من لە ئەحمەد سەعادەتەوە بۆ دەمیرتاش و کشاناک سڵاوم هێناوە، لە خالد جەرار پەرلەمانتاری بەرەی ڕزگاری گەلی فەلەستینەوە لە زیندانەکانی ئیسرائیل سڵاوم بۆ ئۆجالان لە زیندانی ئیمرالی هێناوە.

لەیلا خالد هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی: تورکیا لە سوریا چ کارێکی هەیە؟ منداڵەکانمان دەکوژێت، گەلی سوریا لە بەرامبەر ئەردۆغان سەردەکەون، "بژی فڵەستین، بژی کوردستان".

ک.س