"مەترسی ئەوە هەیە محەمەد بە دەرزی ژەهر بکوژرێت''

ئەو منداڵەی بەناوی''محەمەد حەمید'' کەبەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک بە چەکی ''فسفۆڕی سپی''قەدەغەکراو بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بریندارببوو، لەئێستا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دهۆک چارەسەری وەردەگرێت و سەرچاوەیەکیش ڕایدەگەیەنێت"مەترسی ئەوە هەیە محەمەد بە دەرزی ژەهر بکوژرێت".


محەمەد یەکێکە لەو بریندارانەی کە بەچەکی قەدەغەکراو''فسفۆڕی سپی''لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان برینداربوبوو، هێنراوەتە باشوری کوردستان و لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی دهۆک چارەسەری وەردەگرێت.

بەگوێڕەی هەواڵێکی ماڵپەڕی شارپرێس، ''دەستێکی چەپەڵ هەیە بۆ ئەوەی محەمەد بە دەرزی ژەهر بکوژرێت''، ئەمەش بۆ ئەوەی بەڵگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بشارنەوەو لەبەردەست نەمێنێت.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە پاراستنی ژیانی ئەو مێردمنداڵە لە ئەستۆی لایەنی ئەمنی و ئاسایشە، چونکە ئەوان ئەو هەوڵەیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاگەیاندووە.

بڵاوبوونەوەی وێنەی محەمەد حەمید بە برینێکی سەخت بووە ڕۆژەڤی کوردستان و جیهان، چەندین دامەزراوەو ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، برینەکەی محەمەد بەڵگەی ئەوەیە تورکیا چەکی قەدەغەکراوی''فسفۆڕی سپی'' دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سەرێکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەکارهێناوە.

باس لەوەشکراوە، پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق بەڵینی داوە چارەسەری محەمەد بخاتە ئەستۆی و لەسەر داوای ناوبراو، محەمەد هێنراوەتە هەرێمی کوردستان.

هەینی ڕابردووش، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر بەڵگەکانی بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەلایەن تورکیاوە بکات و پاشان دەرەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکربکات.

ب.ش