مەراسیم بۆ ناشتنی زەردەشت شەنگالی و شەڕڤانانی دیکە دەستیپێکرد

مەراسیمی بەخاکسپاردنی سێ لە شەهیدانی دوێنێ'ی بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک لە سنووری شەنگال دەستیپێکردووە و تێیدا وێڕای فەرماندە سەربازییەکان، سەدان هاوڵاتی ئێزدیی بەشداریی مەراسیمەکە دەکەن.


دوێنێ لە بۆردوومانی فڕۆکەجەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سنووری شەنگال، نەزار باپیر موراد ناسراو بە زەردەشت شەنگالی فەرماندەی گشتی یەبەشە و شەڕڤانان، ئەیمەن باپیر موراد ناسراو بە شەڕڤان چیلۆ، عەلی حسێن خدر ناسراو بە ئێزدین شەنگالی و حەمید خەلیل قاسم ناسراو بە حەمید شەنگالی شەهیدبوون، شەوی ڕابردوو حەمید شەنگالی بەخاکسپێردراو ئەمڕۆش لە مەراسیمێکدا تەرمی سێ شەهیدەکەی دیکە بەخاک دەسپێردرێت.

لە مەراسیمەکەی ئەمڕۆدا کە لە گۆڕستانی شەهید دڵگەش و شەهید بەرخۆدان بەڕێوەدەچێت، مەراسیمێکی سەربازیی بەڕێوەچوو، هەروەها سەدان کەس لە هاوڵاتیانی ئێزدیی، عەشیرەتەکانی سنوورەکە، فەرماندە سەربازییەکان بەشدارن و تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە مەرسیمەکە بەردەوامیی هەیە.

س.ح