ناڕەزایەتی کرێکاران و مامۆستایان لە ئێران بەردەوامە

بە زیادبوونی فشارە ئابووریی و سیاسییەکان لەسەر خەڵک، توێژەکانی گەلانی ئێران لە؛ کرێکاران، مامۆستایان و کارمەندان بۆ داوای مافەکانیان بەردەوامن لە نارەزایەتی دەربڕینەکانیان.


ئەمڕۆ لە بەردەوامی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی کرێکاران و مامۆستایان و توێژەکانی گەلانی ئێران، چەند گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی بەڕێوە چوون.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ کرێکارانی "کۆمپانیای ئازەرئاب" لە شاری ئەراکی ناوەندی پارێزگای مەکەزی ئێران، بۆ داوای پاشەکەوتی حەقدەست و نادیاربوونی داهاتووی کۆمپانیاکە، لە مەیدانی شارەوانی ئەو شارە گربوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەی ئێران، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دانەمەزراندنیان و باری ژیانیان لە بەردەم بینای پەرلەمانی ئێران لە تارانی پایتەخت خۆپیشاندانێکیان بەڕێوەبرد.

هاوکات هەر ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کارمەندانی نوسینگەکانی "سەهام عەدالەت"، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر نا ڕوونبوونی داهاتووی پیشەییان و پێنەدانی مووچەکانیان لە بەردەم وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە تارانی پایتەخت گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ئەنجامدا.

ک.س