نزیکبوونەوەی ئەنقەرە و بەغدا بڕیارەکانی پەرلەمان پەک دەخات

پەرلەمانتارێک، دەڵێت، کە ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ کۆتاییهێنان بە لەشکرکێشیی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک دەریدەکات بە نزیکبوونەوەی پەیوەندیی بەغدا و ئەنقەرە کۆتایی دێت و جێبەجێ ناکرێت.


هەرچەندە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی سوپای تورکی لە خاکی عێراق دەرکردووە، بەڵام ئەو بڕیارە جێبەجێ نەکراوە و لەجیاتی دەرچوون لە عێراق، هەوڵی داگیرکاریی زیاتر دەدەن.

سەبارەت بە هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی ئەو بڕیارە و ڕۆڵی نوینەرانی کورد لەو ڕووەوە، بەختیار شاوەیس، ئەندامی خولی سێیەم و هەڵبژێردراوی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، بە ڕۆژنیوزی وت: ئەو بڕیارانە تەنیا پەیوەندی بە نوێنەرانی کوردەوە نەبوو، لەشکرکێشیەکی گەورەی تورکیا کرابوو بۆ ناو خاکی باشوری کوردستان، هەموو کوتلەکانی ناو پەرلەمان نزیکەی ٢٥ بڕیارمان دەرکرد، کە یەکێک لەو بڕیارانە بانگهێشتکردنی سەفیری تورکیا بوو بۆ پەرلەمان، تەنانەت گەشتبووە ئەوەی، کە پەیوەندییە بازرگانیی و دەرکەییەکانیشمان لەگەڵ تورکیا ڕاگرین.

بەختیار شاوەیس، وتیشی:"کاتێک پەیوەندییەکان لەنێوان بەغدا و ئەنقەرەدا نزیک دەبیتەوە، ئیتر ئەو بڕیارانە کۆتایی پێدێت یان با بڵێین ناخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

لەبارەی بەدواداچوونەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و لێپرسینەوە لە هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکانیان، شاوەیس، وتی:"ئەمە تایبەتە بە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بە دڵنیاییەوە ئەوان تا ئێستا هیچ بەدواداچونێکیان بۆ نەکردووە".

بەختیار شاوەیس، وتیشی: نەک ئەم بڕیارانە بەڵکو زۆر یاسا و بڕیاری تر هەیە لەناو پەرلەماندا، کە دەردەچێت لە دواجاردا جێبەجێ ناکرێت و بەدوداچونیشی بۆ ناکرێت.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەرکردنی سوپای دەوڵەتی تورک، کە لەسەرەتای مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٦ دەرکرا، لەدوای بڕیاری پەرلەمانی تورکیا هات بۆ دریژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باشیک بۆ ماوەی ١٣ مانگ، هەرچەندە لەوکاتەدا ناڕەزاییەکی زۆری لەناو پەرلەمانی عێراق-دا دورست کرد، بەڵام هەتا ئێستا سوپای تورک نەکشاونەتەوە و هێزی زیاتریشیان لە باشیک و ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان جێگیرکردووە و عێراق-یش بیدەنگە.
  

 

ش.ف