نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە ٣٨ هەزار هاوڵاتی لە ئیدلب ئاوارەبوون

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری ئاوارەکانی دوو هەفتەی ڕابردووی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئیدلبی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، کە لەو ماوەیەدا ٣٨ هەزار و ٥٠٠ کەس ئاوارەبوون.


ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئیدلب لەلایەن ڕژێمی سوریا و بە پشتگیریی هێزە ئاسمانییەکانی ڕوسیا و هێزە زەمینییەکانی ئێرانەوە دەستیپێکردووە و ئەگەری ئاوارەبوونی هاوڵاتیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەکات.

هێزە ئاسمانییەکانی ڕوسیا ماوەی دوو هەفتەیە ئیدلب بۆردوومان دەکەن و هێزە چەکدارەکانی رژێمی سوریا لە دەوروبەری ئیدلب جێگربوون، لەگەڵ هەموو هۆشدارییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ روودانی کارەساتی مرۆیی لە ئیدلب و کەوتنە مەترسیی ژیانی سێ ملیۆن و نیو هاوڵاتی، ڕژێمی سوریا و ڕوسیا و ئێران پێداگرن لە بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنەکە.

لە یەکەمین شەپۆلی ئاوارەبوونی هاوڵاتیان لە ماوەی دوو هەفتەدا ٣٨ هەزار و ٥٠٠ کەس ئاوارەبوون و ماڵ و ژیانی خۆیان لە ئیدلب بەجێهێشتووە.

ئەو ئاوارانە بەرەو سنوورەکانی تورکیا بەڕێکەوتوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان خۆی ئامادەدەکات بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکاریی ٩٠٠ هەزار ئاوارە بکات.

س.ح