هه‌ده‌په‌ له‌ په‌رله‌مانی تورکیا ده‌ستی به‌ مانگرتن له‌ خواردن کرد

هاوسه‌رۆکی گشتیی هه‌ده‌په‌ و چەندین په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ له‌ په‌رله‌مانی تورکیا ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن کرد.


ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ له‌ بینای په‌رله‌مانی تورکیا ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن کرد، ئەوەش وەک پشتگیرییەک لە داواکارییەکانی لەیلا گوڤەن، کە چەندین ڕۆژە مانی لەخواردن گرتووە و داوای لابردنی گۆشەگیری سەر ئۆجالان دەکات.

چالاکیی مانگرتن له‌ خواردنی په‌رله‌مانتاری پارتی دیموکراتیی گه‌لان هه‌ده‌په‌ له‌یلا گیوڤه‌ن له‌ زیندان، بە مه‌به‌ستی لابردنی گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵا ئۆجالان، ٢٧ ڕۆژی پڕکرده‌وه‌، ڕۆژ به‌ ڕۆژ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندانیش مانگرتنه‌کان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست زیاتر ده‌بن. 

هەروەها هاوسه‌رۆکی گشتیی هه‌ده‌په‌ په‌روین بووڵدان، هاوسه‌رۆکی کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتیک (که‌جه‌ده‌) به‌ردان ئۆزتورک، گوته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ دیلان دیرایه‌ت تاشده‌میر، سه‌رۆکی فراکسیۆنی هه‌ده‌په‌ میتحات سانجار و په‌رله‌مانتاران که‌مال بولبول، شه‌ڤین جۆشکوون، سه‌رپیل که‌مالبای، حه‌بیب ئه‌کسیک، زوله‌یخا گولوم و ئه‌ردال ئایده‌میر به‌شدارن له‌ مانگرتنه‌که‌، هاوکات ڕێکخستنه‌کانی هه‌ده‌په‌ له‌ شاره‌کانی ئیسته‌نبووڵ، مێرسین، ڕوحا، ئامه‌د، شرناخ، ئێلح، مێردین و مووش به‌ به‌شداریی په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ له‌و شارانه‌ له‌ مانگرتندان.

په‌روین بووڵدان ڕایگه‌یاند، له‌ژێر چه‌تری په‌رله‌ماندا ئه‌مڕۆ ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن کردووه‌ و ٢ ڕۆژ به‌رده‌وام ده‌بن. وتیشی، چالاکییه‌که‌یان بۆ پشتگیرییه‌ له‌ مانگرتنی له‌یلا گیوڤه‌ن په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ که‌ ٢٧ ڕۆژه‌ له‌ زیندان مانی له‌ خواردن گرتووه‌.

هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد، ئامانجی مانگرتنه‌که‌ی له‌یلا گیوڤه‌ن هه‌ڵگرتنی گۆشه‌گیریی تووندی سه‌ر ئیمڕاڵییه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ پێویسته‌ زۆرترین قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت له‌ په‌رله‌مان. ڕاشیگه‌یاند، مانگرتنه‌که‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا سه‌رده‌که‌وێت، لابردنی گۆشه‌گیری له‌سه‌ر ئیمڕاڵی بۆ ئاینده‌ی تورکیا، ئاشتی و دیموکراتی گرینگه‌.

 

ک.ک