هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیر: له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێردا ٢٩ چه‌ته‌ی داعش كوژراون

ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی قه‌سه‌ده‌ ڕایگه‌یاند، له‌ ماوه‌ی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵمه‌تی دژ به‌ چه‌ته‌كانی داعش ٢٩ چه‌ته‌ كوژراون و ده‌ستیش به‌سه‌ر بڕێكی زۆری چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیدا گیراوه‌.


ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك- قه‌سه‌ده‌، لە ڕاگه‌یه‌نراوێكدا ئاماری شه‌ڕی ٢٤ كاتژمێری ڕابردووی بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی قۆناغی كۆتایی هه‌ڵمه‌تی گه‌رده‌لوولی جزیر، له‌ ده‌ڤه‌ری دێره‌زۆر له‌ باكووری سووریا به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەى قەسەدە-دا، هاتووە، کە لە نێوان شەڕى هێزەکانى قەسەدە و تێرۆریستانی داعش-دا، شه‌ڕی تووند ڕوويدا و چه‌ند كاتژمێرێك به‌رده‌وام بوو. له‌م شه‌ڕه‌دا تێرۆریستان هه‌موو جۆره‌كانی چه‌كیان به‌كارهێنا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ گورزی شه‌ڕڤانان‌ بپارێزن، به‌ڵام ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م پێشڕه‌ویی شه‌ڕڤانان، سه‌ره‌ڕای سه‌ختیی شه‌ڕ، شه‌ڕڤانان ١ كیلۆ مه‌تر و ٥٠٠ مه‌تر پێشڕه‌وییان كردووە. ١٥ خاڵیان دامه‌زراندن و ٥ مینیان پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن تێرۆریستانه‌وه‌ دانرابوون.

هه‌روه‌ها فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی بنكه‌كانی تێرۆریستانیان كرده‌ ئامانج، له‌ ئه‌نجامدا ٢ تێرۆریست كوژران و بنكه‌ی هاویشتنی مووشه‌كى 'حه‌راری' ڕووخێنرا. هه‌روه‌ها فڕۆكه‌كان ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراویان تێكشكاند، كه‌ هه‌وڵی ده‌دا بێنێرنه‌ نێو بنكه‌كانی شه‌ڕڤانان. تێرۆریستان، به‌ بی كه‌ی سی و مووشه‌كی حه‌راری هێرشیان كرده‌ سه‌ر خاڵه‌كانی شه‌ڕڤانان‌، بەڵام هێرشه‌كان‌ هیچ زیانێكیان نه‌بوو.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تی جارێكی دیكه‌ بنكه‌كانی تێرۆریستانیان كردنه‌ ئامانج. له‌ ئه‌نجامدا ٣ بنكه‌ی تێرۆریستان كه‌ هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌ر شه‌ڕڤانان ڕووخێنران. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك تێرۆریست كوژران و كارگه‌یه‌كیش ڕووخێنرا كه‌ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان ئاماده‌ ده‌كرد، هەروەها له‌ دوایین كاتژمێره‌كانی شه‌ودا شه‌ڕڤانان له‌ دژی بنكه‌كانی چه‌ته‌كان له‌ گوندی مه‌راشده‌ چالاكییان ئه‌نجام دا، له‌وێ كۆگا‌یه‌كی ته‌قه‌مه‌نی ڕووخێنرا و شه‌ڕڤانان كیلۆ مه‌ترێك پێشڕه‌وییان كرد.

له‌ هه‌موو خاڵه‌كانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ شه‌ڕی سه‌خت ڕوو ده‌ده‌ن، جار جاره‌ تۆپباران ده‌كرێن. هه‌روه‌ها تێرۆریستان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هێرش بكه‌ن، شه‌ڕڤانانی ئێمه‌ش وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه‌.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە به‌ره‌ی حه‌جین-ى شەڕى دژى چەتەکانى داعش کراوە و هاتووە، کە لە ئەنجامى شەڕ لەم بەرەیە چه‌ندین تێرۆریست كوژراون ، تێرۆریستان هه‌وڵ ده‌ده‌ن هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر شه‌ڕڤانان، به‌ڵام شه‌ڕڤانان وه‌ڵامیان ده‌ده‌نه‌وه‌ و تێرۆریستان ناچار ده‌كه‌ن پاشه‌كشه‌ بكه‌ن. له‌م به‌ره‌یه‌ شه‌ڕی ماوه‌ ماوه‌ ڕوو ده‌دات. تێرۆریستان چه‌كی قورس و مووشه‌كی حه‌راری به‌كاردێنن.

لە کۆتایى ڕاگەیەندراوەکەى قەسەدە-دا ئامارى هەموو بەرەکانى شەڕ خراوەتە ڕوو، کە بەم شێوەیەیە ( ٢٩ تێرۆریست كوژران، بنكه‌یه‌كی هاویشتنی مووشه‌كی حه‌راری، ٣ بنكه‌ی تێرۆریستان، كارگه‌یه‌كی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و كۆگه‌یه‌كی ته‌قه‌مه‌نی ڕووخێنران و ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو تێكشكێنرا، چه‌كێكی دۆشكه‌ی ١٢،٥ له‌گه‌ڵ هه‌زار فیشه‌كی، ٢٥ هه‌زار فیشه‌كی چه‌كی بی كه‌ی سی، ٤ تۆپهاوێژی ١٢٠ و ٢٠٠ تۆپی، ١٠٠ تۆپی هاوه‌ن، ٥ هه‌زار فیشه‌كی كڵاشینكۆف، ٢ سه‌به‌ته‌ی دۆشكه‌ی ٢٣، ٥ مین پووچه‌ڵ كرانه‌وه، هەروەها فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانه‌تیی نێونه‌ته‌وه‌یی ١٤ هێرشیان ئه‌نجام داوە.

د.ع