هۆشداری لە ڕوودانی بومەلەرزەیەکی دیکە دەدرێت

دوای ڕوودانی بومەلەرزەکەی شەوی ڕابردوو، کە دواین ئامار باس لەوە دەکەن، ٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەس برینداربووە، پرۆفیسور دکتور هالوک ئوزەنەر بەڕێوەبەری ئینیستیتوی لێکۆڵینەوەی بومەلەرزە لە تورکیا ڕایگەیاند، ئەگەری دووبارە ڕوودانی بومەلەرزە هەیە و نابێت کەس بچێتە ناو ئەو خانوو و باڵەخانانەی کە زیانیان بەر کەوتووە.


شەوی ڕابردوو کاتژمێر ٠٨:٥٥ خولەک بومەلەرزەیەک بە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری ناوچەی خوخێ'ی سەربە پارێزگای خارپێت لە باکوری کوردستان ڕوویدا،پلەی ڕێختەری بومەلەرزەکە بە ٦.٨ تۆمارکرا، بەپێی دوایین ئامار کە وەزیری ناوخۆی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەنجامدا تا ئێستادا ٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٣٣٠ کەسیش بریندارن.

پرۆفیسور دکتور هالوک ئوزەنەر بەڕێوەبەری ئینیستیتوی لێکۆلینەوەی بوومەلەرزە لە تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەدا، ناوەندی بوومەلەرزەکە ناوچەی خوخێ "سیڤریجە" بووە و بوومەلەرزەیەکی زۆر گەورە بووە، "ئەو هەرێمە لە ڕووی بوومەلەرزەوە هەرێمێکی چالاکە ئەگەری هەیە لە ساڵانی داهاتووشدا بوومەلەرزە ڕووبدەن، بە پێی لێکۆڵینەوەکان بوومەلەرزەکە ٤٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەی گرتووەتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە تا هەفتەیەکیتر بوومەلەرزەی بچووکتر ڕووبدەن".

ئوزەنەر بە گرنگی زانی، کە هیچ کەسێک نەچیتە ناو ئەو خانووانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.

س.ح