هێرش کرایە سەر دوو بۆری نەوتی سعودیە

وەزیری وزەی سعودیە ڕایگەیاندووە کە دوو بۆری نەوتی وڵاتەکەی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراونەتە ئامانج.


خالد فالح، وەزیری وزەی سعودیە، ڕایگەیاند کە دوێنێ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوو بۆری سەرەکی نەوتی وڵاتەکەی، کراونەتە ئامانج و هێرشەکەشی بە کارێکی تیرۆریستی ناوزەند کرد.

هەر ئەمڕۆ ئاژانسە جیهانییەکان بڵاویانکردەوە کە بزوتنەوەی ئەنساروڵا لە تەلەفزیۆنی "المسیرە" کە لە دەستی حوسییەکاندایە، بڵاویان کردووەتەوە کە هێزەکانیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەند ئامانجێکیان لە سعودیە پێکاوە، بەڵام ئاماژەیان بە کات و شوێنی ئەو هێرشانە نەکردووە.

بە وتەی خالد فالح، یەکێک لە بۆریە نەوتییەکان سەر بە کۆمپانیای ئارامکۆیە و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو هێرشەش بۆرییەکە گڕی گرتووە و دوای ماوەیەک کوژێندراوەتەوە.

ڕاگەیاندنی فەرمی دەوڵەتی سعودیە ش پشتڕاستی کردووەتەوە کە هێرش کراوەتە سەر دوو بنکەی نەوتی ئەو وڵاتە لە پارێزگای ڕیاز و فڕۆکەکان وێستگەکانی گواستنەوەی نەوتی ناوچەکانی "دەوادمی" و "عەفیف"ـیان کردووەتە ئامانج.

ک.س