"هێزی ئازادیی بەند ناکرێت"

چالاکوانێکی ئێرانیی ئاماژە بە مایەپوچبوونی گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات دەکات و دەڵێت: هێزی ئازادیی هەرگیز بەند ناکرێت، دوای ئەو پیلانگێڕییە نەک هێزی ئازادیی لە بەرامبەر فاشیزم و سەرمایەداریی کەمینەکرد، بە پێچەوانەوە بەهێزتر و گەشاوەتر پیلانگێڕییەکانی دوژمنانی ئازادیی تێکشکاند.


لە ساڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوبات نزیکدەبینەوە، کە بە پیلانی هاوبەشی میتی تورک و دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی و ناوچەکە لەدژی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ناوچەکە ئەنجامدرا، بێژەن ڕەنجبەر، کە چالاکوانێکی سیاسی چەپی ئێرانی-یە و لە ئەوروپا دەژی لەسەر ئەو بابەتە و ئامانجی پیلانگێڕان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

بێژەن ڕەنجبەر، ئاماژە بە مایەپوچبوونی ئامانجی پیلانگێڕان دەدات و دەڵێت:"بە ڕفاندن و بە دیل گرتنی ئاپۆ، ئەو کەسەی کە بوو بە سیمبولی هاوارە مێژووییەکانی گەلانی ستەملێکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر نکۆڵیی، سووکایەتی، نادادپەروەریی و کۆمەڵکوژیی جەستەیی و فەرهەنگیی، نەک هێزی ئازادیی لە بەرامبەر فاشیزم و سەرمایەداریی کەمی نەکرد، بە پێچەوانەوە بەهێزتر و گەشاوەتر و سەربەرزانەتر یەکبەیەکی پیلانگێڕیەکانی دووژمنانی ئازادیی و یەکسانیی تێکشکاند".

ڕەنجبەر، ئاماژە بە پیلانی دووژمنان دەکات، کە 'لەناوبردنی هزر و فەلسەفەی ئاپۆ' بوو، دەشڵێت: بەپێچەوانەی پیلانی دووژمن لەژێر ئاڵای فەلسەفەکەیدا گەلانی ژێردەستەی لەدژی فاشیزم و سەرمایەداریی و هێزە چەپەڵەکان سەفەربەرکرد هیوای پێبەخشین تا لە ڕێگای ئازادییدا بەرەوپێش بچن.

ڕەنجبەر، بەڵگە لەسەر شکستی پیلانەکە دەهێنێتەوە و دەڵێت:"بڵاوبوونەوەی هێزی ئازادیی لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو بە کەڵک وەرگرتن لە فەلسەفەی ئاپۆ لە ڕۆژئاوا تا باکور، لە باشور تا ڕۆژهەڵات و هەموو شوێنەکانی ئێران و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەلمێنەری ئەم ڕاستییە هاشاهەڵنەگرەیە، کە پیلانی چەپەڵی گۆشەگیریی ڕەها لە ئیمرالی شکشتی خواردووە و ئەو سیاسەتە چەپەڵەی پیلانگێڕان و هێزە ئمپریالیستەکان سەری نەگرتووە".

ئەو چالاکوانە سیاسییە، باس لەوەش دەکاتە، هزری ئازادیی ئامانجێکی بەرزی هەیە و دیل ناکرێت"چۆن دەکرێت فکری ئازادیی و یەکسانیی لە ئیمرالی گۆشەگیر بکرێت، لە کاتێکدا پەیامی ئازادیی لە ماوەی ئەم ٢٠ ساڵەدا گەیشتووەتە دوورترین شوێنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ژێردەستە نکوڵیی لێکراوەکان و هانیانداوە بۆ شۆڕش و سەرهەڵدان لەدژی زۆڵم و هەڵاواردن و نایەکسانیی، بێگومان ئازادیی بە گۆشەگیریی دیل ناکرێت و هێزی ئازادیی هەرگیز بەند ناکرێت".

بێژەن ڕەنجبەر، چالاکوانی چەپی ئێرانیی، لەکۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردن دا، کە بەمبەستی هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان ٩٦ ڕۆژە دەستیپێکردووە و وتی:"سەدان تێکۆشەر بە پێشەنگایەتیی لەیلا گوڤەن دەستیان داوەتە مانگرتنێکی بێسنوور، بۆیە پێویستە لەسەر ئێمە و هەموو کەسێک بەتایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ پشتیوانیی لەو گیانبازییەی هەڤاڵانی شۆڕشگێڕمان بڕژێینە سەر شەقامەکان و نەفرەتی خۆمان دژی ستەمکاران دەرببڕین".

 ش.ف