هێزە ئەمنییەکان لە ئوم قەسر ٣٠ خۆپیشاندەریان بریندار کرد

لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوەوە خۆپیشاندەران بەندەری ئوم قەسر-یان لە پارێزگای بەسرە داخستووە، پۆلیس هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و ٣٠ کەس بریندار بوون.


ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران کە لە ڕۆژی چوارشەممەوە ڕێگای بەندەری ئوم قەسر-یان لە بەسرە داخستووە.

بەپێی هەواڵێکی ڕویتەرز، دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆسەر خۆپیشاندەران، ئاڵۆزی ڕوویداوە و بە لانیکەمەوە ٣٠ کەس لە خۆپیشاندەران بریندار بوون.

بەپێی هەمان سەرچاوە شەوی ڕابردووش هێزە ئەمنییەکان دەستڕێژی گولـلەیان لەخۆپیشاندەرانی بەندەری ئوم قەسر کردووە.

جێگای ئاماژەیە، خۆپیشاندەران ڕۆژی چوارشەممە، بە داخستنی ڕێگای بەندەری ئوم قەسر لە پارێزگای بەسرە، کاری بازرگانی بەندەرەکەیان وەستاند، کە زۆرترین ڕێژەی هاوردەکان لە ڕێگەی ئەم بەندەرەوە دێتە ناو عێراق، لە ئێستادا کاری بەندەرەکە بە تەواوەتی وەستاوە و بارهەڵگرەکان ناتوانن بار ببەنە ناو بەندەرەکە یان بارەکانیان بێننە دەرەوە.

س.ح