هێزە کوردییەکان سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ یەکلایی دەکەنەوە؟

چەندین سیناریۆ لە عێراق لە ئارادایە لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، هێزە عێراقییەكان لە هەوڵی ئەوەدان گەورەترین هاوپەیمانی پێكبێنن، لەو بارودۆخەشدا هێزە كوردییەكان دەتوانن هاوكێشەكان یەكلایی بكەنەوە، بەڵام چۆن؟


لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی لەگەڵ بەشێك لە هێزە سیاسیەكان كۆبوونەوە، ئەوانیش هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری و هەروەها هێزە كوردییەكانی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بەشێك لە هێزە سیاسییە سونییەكان، ئەوەش بە ئامانجی دروستكردنی گەورەترین هاوپەیمانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.

نیوە +١

ئەگەر مالیكی و عامری بە هاوبەشیی هێزەكانی دیكە، كە كوردیشیان لەناودایە، بگەنە ئەو ڕێكەوتنە، ئەوا پێشبینی دەكرێت، كە نیوە +١ بەدەستبهێنن، بەوەش دەگەنە زۆرینەی پەرلەمانیی، بە شێوەیەك زیاتر لە ١٦٦ پەرلەمانتاریان دەبێت لە كۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار، بەوەش دەتوانن حكومەتی نوێ‌ پێكبهێنن.

لەو چوارچێوەیەشدا هێزە كوردییەكان، ئەوانەی لە دەسەڵاتن و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنیشن، وەكو گۆڕان و دوو هێزە ئیسلامیەكە و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی و نەوەی نوێ‌، هەموویان بە یەك شاندی یەكگرتووی هاوبەش وەكو نوێنەری كورد، دەتوانن هاوكێشەكانی پێكهێنانی حكومەت یەكلایی بكەنەوە و داخوازییەكانی كورد گەرەنتی بكەن لە پێشبڕكێی دروستكرنی حكومەنی نوێی عێراق، چونكە هەموویان پێكەوە دەبنە هێزێكی كاریگەر و سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ یەكلایی دەكەنەوە.

بەڵام هێزە كوردییەكان یەك نیین و جیاوازیی و ناكۆكی لەنێوانیان هەیە، هەر بەهێزبوونێكی یەكێتی و پارتی لە بەغدا وا دەكات، كە لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر بەهێز ببن و دەسەڵاتدارێتی ڕابردووی خۆیان بەردەوام بكەن، بەڵام هێزەكانی دیكە داوا دەكەن، كە یەكێتی و پارتی بە نوێنەری سەرەكی كورد وەرنەگیرێن، بەڵكو گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكرێت، كە هەموو حزب و ڕێكخراوەكانی هەرێم بەشدار بن.

هێزە عێراقییەكان زیاتر لە كورد نزیك دەبنەوە

لەگەڵ تێپەڕینی كات و نزیكبوونەوەی وادەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، هێزە عێراقییەكان زیاتر لە كورد نزیك دەبنەوە و وا خۆیان نیشان دەدەن، كە دەسەڵات بە كورد دەدەن و مەرج و داواكارییەكانیان جێبەجێ‌ دەكەن، بەڵام لە دوو حكومەتی ڕابردووی عێراق، حكومەتی مالیكی و عەبادی، زۆر ناكۆكی لەنێوان ئەوان و هەرێمی كوردستان دروست بوو، لەسەر نەوت و كێشەی سنور و پێشمەرگە و ناوچە لەسەرەكان و ڕیفراندۆم و كەركوك.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، بە ڕۆژنیوزی وت: كورد مەرجەكانی خۆی ناسەپێنێت بۆ چوونە ناو پرۆسەی سیاسی لە عێراق، بەڵام تەركیز دەخاتە سەر مافە دەستورییەكانی، وەكو مادەی 140ی دەستور و بارودۆخی ناوچە كێشەلەسەرەكان و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پشكی 17%ی كورد لە بودجەی عێراق و مافەكانی پێشمەرگە.

وتیشی: بەڵام ڕوون نییە ئەم داواكاریی و مافانە چۆن دەبێت لە حكومەتی نوێی عێراق، كە ئایا وەڵامیان دەدرێتەوە یان نا.

سیناریۆی دووەم

هەروەها سیناریۆیەكی دیكە لە ئارادایە، ئەویش ئەوەیە كە موقتەدا سەرد و عەبادی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕەوتی حیكمە و پارتی و یەكێتی هاوپەیمانێتیەكی گەورە دروست بكەن، بەڵام ئەمە هەروا ئاسان نییە بۆ موقتەدا سەدر، چونكە سەدر خاوەن پێگەیەكی جەماوەرییە و لە ماوەی ڕابردوودا ڕەخنەی لە حكومەت دەگرت و ئاماژەی بۆ ئەوە دەكرد، كە ئەوان گەندەڵیی لەناو دەبەن، ئەوەش لە عێراقێكی پڕ ناكۆكیی و ململانێدا ئاسان نییە، هەروەها لەلایەكی تر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی، سەدر دەبێت ڕووبەڕووی ئەوانەش ببێتە كە هاوپەیمانیان لەگەڵ دروست دەكات.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سیناریۆیە دوور نییە، ئەوەش دوای ئەوەی دوێنێ‌ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە و باسی بارودۆخی عێراق و گرنگیی پەیوەندی و كاری هاوبەشیان كرد.

حكومەتی تەكنۆكرات

لەلایەكی دیكەوە سیناریۆیەكی دیكەش دوور نییە، ئەویش پێكهێنانی حكومەتێكی تەكنۆكراتی دوور لە خۆسەپاندنی هێزە سیاسییەكان و دانانی كەسانی شارەزار و پسپۆڕ، وەك ئارێز عەبدوڵا دەڵێت، ئەو سیناریۆیە هێشتا زەق نییە و بە ڕوونی قسەی لەسەر ناكرێت، تاوەكو ئەنجامی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان لەلایەن دادگای فیدڕالییەوە ڕانەگەیەنرێت.

هەرچۆنێك بێت هێشتا هێزە عێراقییەكان چاوەڕێی تەواوبوونی پرۆسەی ژماردنەوەی دەنگەكان دەكەن بەدەست، كە لە 3ی تەموزەوە دەستی پێكراوە و هێشتا كۆتایی نەهاتووە، كە ڕەنگە ڕاگەیاندنی ئەو ئەنجامانە هاوسەنگی هێز لە عێراق بگۆڕێت.

هەموو هێزەكان بەشداری حكومەت دەكەن؟

سەرەڕای هەموو ئەوانە، ئەوەش دوور نییە كە هەموو هێزەكانی عێراق بەشداری پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بكەن، ئەوەش لەسەر بنەمای قەبارە و ژمارەی كورسییان، واتا بەپێی ژمارەی كوردسی دەسەڵاتیان لە حكومەتی نوێدا پێبدرێت.

لە هەموو بارودۆخێك و سیناریۆیەكدا پێدەچێت جێگەی كورد بكرێتەوە لە حكومەتی نوێی عێراق، بەڵام ئەوان بە یەكبوون و پێكەوە و بە شاندی هاوبەش دەتوانن دەستكەوتی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان بەدەستبهێنن، بەو ناكۆكیانەی ئێستاوە ناتوانن ببنە خاوەن پێگەیەكی بەهێز.

 

ک.ک