هەدەپە: تورکیا بە گرتنەوەی ئاوی خواردنەوە تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات

کۆمیسیۆنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەدەپە ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک بە گرتنەوەی ئاوی خواردنەوە لەسەر گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات.


فەلەکناس ئوجا و هشیار ئوزسۆی هاووتەبێژی کۆمیسیۆنی پەیوەندیەکانی دەروەی هەدەپە لە بارەی گرتنەوەی ئاوی خواردنەوە لەسەر گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، لێدوانێکیان بڵاو کردەوە. 

لە لێدوانەکەدا باس لەوە دەکرێت کە بەهۆی هێرشە داگیرکەریەکانی دەوڵەتی تورک کە لە ٩ی تشرینی دووەمەوە لە دژی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستی پێکردووە، ناوەندی دابەشکاریی ئاوی ئالۆک لە سەرێکانیان داگیرکرا.

لە لێدوانەکەدا ئاماژە بەوەشکرا، کە ئەو ناوەندی دابەشکردنی ئاوە، ناوەندێکی گرنگە و ئاوی ٥٠٠ هەزار کەس دابین دەکات، دەسەڵاتی ئاکەپە بە زانابوون ناهێڵێت ئەو ناوەندی دابەشکارییە کاربکات و بەمەش تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات، ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیش لە ٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، لەم بارەیەوە هۆشداریی دابوو.

هەدەپە هاوکات ڕایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە بە گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە و کۆچبەرکردنی گەلی ناوچەکە، تاوانی شەڕ ئەنجام دەدات و ئاماژەی بەوەشکرد، دۆسیەی ئاویش کە لە دژی خەڵکی مەدەنی بەکار دەهێنرێت، تاوانێکی دژی مرۆڤایەتیە.

لە لێدوانەکەدا هەروەها باس لە بواریی پاکوخاوێنی و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆناش کرا و ڕاگەیێندرا، گرتنەوەی ئاوی خواردنەوە بەسەر گەلانی ناوچەکە، هاوکات تاوانێکە لە دژی مرۆڤایەتی و هیچ کات لە بیر ناکرێت.

هاوکات بانگەوازیەک ئاڕاستەی دەسەڵاتی ئاکەپەش کرا کە، واز لەو سیاسەتە بێویژدان و بێئەخڵاقانەی خۆی بهێنێت.

بانگەوازیەکیش ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و روسیا و ئەمریکا کرا کە لەم ڕووەوە ڕۆڵی خۆیان بگێرن.

د.ع