هەریر، بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتیەوە کوڕ و باوکێک کوژران

دوای ئەوەی لەشارەدێی هەریر شەڕ لە نێوان دوو خێزان ڕوویدا لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی، چوار كەس بوونە قوربانی، لەنێو قوربانییەکاندا کوڕ و باوکێک گیانیان لەدەستدا، تا ئێستاش شەرەكە بەردەوامە.


بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لە شارەدێی هەریری سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوە لە سنووری پارێزگای هەولێر چورا كەس بوونە قوربانی.

محمەد ئامۆكەیی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی نەخۆشخانەی هەریر بە رۆژنیوزی ڕاگەیاند: كەمێك پێش ئێستا چوار كەس گەیەندرانە نەخۆشخانەی هەریر كە بەهۆی شەڕەتەقە بریندارببوون، دوو كەسیان كوڕ و باوكێک بوون، گیانیان لەدەستدابوو دووكەسی دیكەش برینداربوون.

هەروەها وتی: لەئێستادا كوژراوەكان ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر كراون بەمەبەستی لێكۆڵینەوە و دوو بریندارەكەش لە نەخۆشخانەی هەریر چارەسەری پزیشكیان بۆ دەكرێت.

بەپێی زانیاریەكانی ئاژانسی ڕۆژنیوز تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، وێراِی هەوڵەكانی پۆلیس و هێزە ئەمنیەكان، شەڕەكە بەردەوامەو ئاڵۆزیەكی زۆر لەگەڕەكی گەلی خانزادی شارەدێی هەریر دروستبووە.

د.ع