هەرێم، شاندێکی ڕۆژئاوا لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی کوردیی کۆبوونەوە

شاندێکی ڕۆژئاوای کوردستان بە نوێنەرایەتی پەیەدە و کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە حیزب و ڕێکخراوی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە.


شاندێکی نوێنەرایەتی پارتی یەکێتی دیموکراتی (پەیەدە) و کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە باشوری کوردستان سەردانی ژمارەیەک لە پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیان کرد و لەگەڵیان کۆبوونەوە.

شاندەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕۆژانی ١٢ بۆ ١٦ی ئەم مانگە سەردانی هەریەک لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، حیزبی شیوعی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی و ناوەندی چاوی کورد بۆ پەرەپێدانی سیاسیی- کرد.

بەپێی زانیارییەکانی نوێنەرایەتی پەیەدە لە هەرێمی کوردستان کە بە ڕۆژنیوزیداوە، لەو سەردانانەدا مژارەکانی: گەشەپێدان دوای لەناوچوونی داعش لە ناوچەکە، دۆخی سوریا، ڕزگارکردنی عەفرین و گۆڕانکارییەکانی دیکەی ناوچەکە گفتوگویان لەسەر کراوە.

هەروەها لەو سەردانانەدا هەموو لایەنەکان جەختیان لەوەکردووەتەوە کە پێویستە هێزە کوردییەکان لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدەن و بەردەوامی بە پەیوەندییەکانی نێوانیان بدەن.

ک.س