هەرێم و بەغدا لەبەردەم دووڕیانی لێکترازان و ڕێککەوتندا

سەرەڕای ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکانیان، تا ئێستا بەغدا دەرگای گفتوگۆی بەڕووی شاندی دانوستانکاری هەرێم دانەخستووە، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو وەک نیشاندانی نیەتپاکیش سەرۆک وەزیرانی بڕیاریدا بڕی ٤٠٠ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بکات.


ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا بەردەوامە و عێراق داوای داهاتی تەواوەتی هەرێم دەکات و دەڵێت خۆی مووچەی هەرێم دابین دەکات، حکومەتی هەرێمیش هێشتا ئەمەی پێ قەبوڵ نییە، کازمی چاوەڕێیی سەردانی شاندی هەێم کە چی لە هەگبەی داواکارییەکانیاندایە.

لە کۆتا سەردانی شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، هەرێم پێشنیازیکردووە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بداتە کۆمپانیای سۆمۆ نیوەی داهاتی گومرک و بەشێک لە داهاتی ناوخۆیی هەرێمیش ڕادەست بکات، لە بەرامبەریشدا عێراق مانگانە ٦٠٠ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بکات، بەڵام عێراق بەم پێشنیازە ڕازی نەبووە و داوای ڕادەستکردنی سەرجەم داهاتی هەرێم دەکات.

ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسە، بە پێی ئاماری بەرپرسانی هەرێم لەو ژمارەیە ملیۆنێک و ٢٤٩ هەزار مووچە خۆر هەیە، بەڵام  حکومەتی ناوەند تەنیا مامەڵە لەگەڵ ٦٨٢ هەزار و ٨٤٩ فەرمەنبەردا دەکات، لە کاتێکدا ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٤ حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی پێشکەشی کردووە.

بە گوێرەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٣ی هەرێمی كوردستان كە تیایدا ژمارەی تەواوی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێم بەپێی وەزارەتەكان خراوەتەڕوو کە بۆ تەواوکردنی مووچەی مووچە خۆران پێویستی بە زیاتر لە ٨٥٠ ملیار دینار هەیە.

بەگوێرەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق، ئەگەر هەولێر ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی سۆمۆ بکات، بەغدا پابەند دەبێت بە ناردنی ١٢.٦٧%ی پشکی بودجەی هەرێم، بە پێچەوانەشەوە بەپێی یاسای بودجە، تەنها ٥٢٢ ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم لەو ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەی کە بڕیارە مانگانە ڕادەستی بەغدای بکات، یەک بەرمیلیشی ڕادەست نەکردووە.

تا مانگی ئازاری ئەمساڵ عێراق پابەند بوو بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم جگە لە وەزارەتی پێشمەرگە کە بڕەکەی ٦٩ ملیار دینارە و بەهۆی ئەوەی خشتەیەکی تەواوەتی مووچەخۆرانی پێشمەرگە ڕەوانەی بەغدا نەکراوە، بەغدا ئامادە نیە ئەو بڕە پارەیە بنێرێت.

کەین و بەینی نێوان شاندە دانوستانکارەکەی هەرێم و بەغدا، باس و خواسی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، لە ئێستادا دوو بۆچوونی دیار هەن لەم بارەیەوە، بۆچوونێکیان بە لەبەرچاوگرتنی کێشە سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆی هەردوولا و پچڕانی پەیوەندییەکانیان، پێیوایە زەحمەتە لەمکاتەدا بگەنە ڕێککەوتن.

ئەردەڵان عەبدوڵا، نوسەر و ڕۆژنامەنوس لەمبارەیەوە پێیوایە: حکومەتی عێراق و هەرێمیش متمانەیان بەیەکتر نەماوە، جگە لە قوڵبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکانی عێراق، هەرێمیش کێشەی سیاسی گەورەی لەناوخۆدا هەیە، لە ڕابردووشدا هەردوولا پابەند نەبوون بە ڕێککەوتنەکانی نێوانیانەوە.

پێچەوانەی ئەم بۆچوونەش هەندێکی دیکە بە پشتبەستن بە واڵاکردنی دەرگای دانوستان بەڕووی یەکترو بەرژەوەندییەکانیان لە ئێستا و ڕابردوودا پێیوایە لە کۆتاییدا هەردوولا دەگەنە ڕێککەوتن.

غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێیوایە لە کۆتاییدا هەرێم و ناوەند دەگەنە ڕێککەوتن، چونکە بەرژەوەندییەکانیان هاوبەشە و ناتوانن دەستبەرداری یەکتر بن.

لەگەڵ هۆشدارییە بەردەوامەکانی تەندروستی و دەزگا ئەمنیەکان لەبارەی بڵاوبونەوەی کۆرۆناوە، لە ئێستادا شەقامەکانی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە مەیدانی ناڕەزایی مووچەخۆران و توێژە جیاوازەکان، لە بەرامبەریشدا یەکێتی و پارتی بە جیا باس لە هەوڵەکانیان دەکەن بۆ ڕازی بوونی کازمی بە ناردنی پشکی فەرمانبەرانی هەرێم لە درەنگانێکی شەوی چوارشەممەی ڕابردوودا.

ک.س