هەولێر، كەسێك کوژرا و ٣ كەسی دیكەش بریندار بوون

لەشاری هەولێر، دەمەقاڵێ لەنێوان چەند كەسێكدا دروست دەبێت و دواتر تەقە دەكرێت، بەو هۆیەوە كەسێك کوژرا و سێ كەسی دیكەش برینداربوون، پۆلیسیش دەڵێت دوو تۆمەتباریان لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکردووە.


ڕووداوەکە کاتژمێر ٥:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕوویداوە لە تەنیشت ئەکواپارکی شاری هەولێر.

لەبارەی ڕووداوەکەوە، عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەڕۆژنیوزی ڕایگەیاند: ئەوانەی تاوانەكەیان ئەنجامداوە، دوو تۆمەتبار بوون و یەكێكیان بە برینداریی دەستبەسەركرا، یەكێك لەو تۆمەتبارانە بكەری سەرەكی تاوانەكەیە، لەئەنجامی ئەو ڕووداوەش هاوڵاتیەك بە ناوی (هاوڕێ مەحموود قادر) كوژراوە و هەروەها دوو هاوڵاتی دیكەش بە ناوەكانی (هێژا عوسمان جەمیل) و (ئەحمەد سەڵاحەدین تەها)، بریندار بوون.

ناوبراو وتیشی: تۆمەتباران (ش.ع.م) لەگەڵ (گ.ق.م)، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكە لەماوەی کەمتر لە ٧ کاتژمێردا دەستگیرکراون و بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە، بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی، بەند كراون.

شایەنی باسە لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ئەوە چوارەم حاڵەتی کوشتنە کە لەشاری هەولێر تۆمار کراوە.

د.ع