هەڵبژاردنی ئێران تا کاتژمێر ١٠:٠٠ی شەو درێژکرایەوە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، کە لە بەیانی ئەمڕۆوە دەستیپێکرد، تا کاتژمێر ١٠:٠٠ی ئەمشەو درێژکرایەوە، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانیش ڕێژەی بەشداریکردن، هەتا ئێستا نەگەشتووەتە ١٦٪.


ئەمڕۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران ئەنجامدرا، تێیدا ٥٧ ملیۆن و ٩١٨ هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە ٢٩ ملیۆن و ٣٩ هەزاریان پیاو و ٢٨ ملیۆن و ٨٧٩ هەزاریشیان ژنن، هەڵبژاردنەکان لە ٣١ پارێزگای ئێران و لە ٢٠٨ بازنەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرینەی لایەنە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان پرۆسەکەیان بایکۆت کردووە و داوایان لە هاوڵاتیان کردووە نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

دەبوو هەڵبژاردنەکە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆتایی بهاتایە، بەڵام بەهۆی کەمی بەشداریکردنەوە، هەڵبژاردنەکە هەتا کاتژمێر ١٠:٠٠ی ئەمشەو درێژکرایەوە.

هەرچەند لایەنە پەیوەندی دارەکانی ئێران ئاماری فەرمی بەشداریکردنی هاوڵاتیانیان لەهەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی ئامارە نافەرمییەکان ڕێژەی بەشداریکردن نەگەشتووەتە ١٦٪.

وێڕای بایکۆتی بەشێکی زۆری گەلانی ئێران، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (کۆرۆنا)ش هۆکارێکی دیکە بوو بۆ ئەوەی هاوڵاتیان نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و چۆڵی بەسەرجەم بنکەکانی دەنگدانەوە دیاربوو.

د.ع