هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سەماوە دەستیپێکرد

لە لایەن تیمە تایبەتەکانی تایبەت بە هەڵدانەوەی گۆڕەکان، لە شاری سەماوە کارکردن بۆ هەڵدانەوەی چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ دەستیپێکرد.


ئەمڕۆ سێ‌شەممە، لە ناوچەی بادیە شێخیە لە سنوری پارێزگای شاری سەماوە دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان کرا.

بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و شەهیدانی عێراق بە چاودێری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکروانی هەرێم دەستیان بە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان کردووە کە ژمارەیان سێ گۆڕە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنێ فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حکومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە پارێزگاری سەماوە گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەبارەی بوونی گۆڕی بە كۆمەڵ لەو ناوچەیە بڵاو کرایەوە، دوای ئەوە وەك وەفدێك سەردانی شوێنەكەمان كرد و لەگەڵ عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێككەوتین بۆ هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانە.

پارێزگای سەماوە دەکەوێتە ناوەڕاستی عێراق و بەدووری ٢٨٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە ڕۆژئاوای باشوری شاری بەغدا.

ک.س