وردەکاریی ڕادەستکردنەوەی مەلا کرێکار بە ئیتاڵیا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، مەلا کرێکار ڕەوانەی وڵاتی ئیتاڵیا کرا، لەوێ دەبێت ماوەی ئەو سزا ١٢ ساڵییە لە زینداندا تەواو بکات کە دادگای ئیتاڵیا بەسەریدا سەپاندووە.


سەرچاوە هەواڵییەکانی وڵاتی نەرویج ئەو هەواڵەیان بڵاوکردەوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، مەلا کرێکار ڕەوانەی وڵاتی ئیتالیا کراوە بۆ ئەوەی سزاکەی دادگای ئیتالیا کە بەسەریداسەپاندووە و زیندانیکردنی بۆ ماوەی ١٢ ساڵە، لە زیندانەکانی ئیتالیا بەسەر بەرێت.

ئەمڕۆ پۆلیسی ئاسایشی نەرویج بە ئاژانسی هەواڵی(WG) نەرویجی ڕاگەیاندووە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هاوکاریی دادگای نەرویجی کردووە لە گواستنەوەی نەجمەدین فەرەج ئەحمەد ناسراو بە مەلای کرێکاری تەمەن ٦٣ ساڵ بۆ ئیتاڵیا، کە لەو وڵاتە بە تۆمەتی داڕشتنی پلانی تیرۆر سزای زیندانیکردنی ١٢ ساڵی بەسەردا سەپێندراوە.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە برینگار میلینگ، پارێزەری مەلا کرێکار لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ئەوەی ڕایگەیاند: هەواڵی ڕەوانەکردنەوەی مەلا کرێکارم لە ڕێگەی ئیمێلێکەوە بەدەست گەشت، کە لەلایەن پۆلیسی ئیتالیاوە بۆم نێردرابوو، تێدای هاتووە کە فڕۆکەکەی هەڵگریی مەلا کرێکار بە سەلامەتی لە ئیتالیا نیشتەوە و ناوبراو گوازرایەوە بۆ زیندانێکی ئیتالیا.

پارێزەرەکە ئەوەشی وت: بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەبێ ئەوەی بواری پێبدرێت ماڵئاوایی لە ماڵباتەکەی بکات، بریگرتەکەی ڕادەستی ئیتاڵیا کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، مۆنیکا مۆلاند، وەزیری دادی نەرویج، دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕادەستکردنەوەی مەلا کرێکاری بە ئیتاڵیا پشتڕاستکردەوە، ئەوەشی وت، کە دەسەڵاتی ئیتاڵیا ئێمەیان دڵنیا کردووەتەوە لەوەی کە بە شێوەیەکی باش چاودێریی مەلا کرێکار دەکەن و بەپێی یاسای مافەکانی مرۆڤ ڕەفتاری لەگەڵ دەکەن.

لە وەڵامی ئەوەی، کە ئەگەر مەلا کرێکار ئەو ماوەیەی لە زیندانی ئیتالیا تەواوکرد، بۆی هەیە بگەڕێتەوە نەرویج، وەزیری داد وتی: ئەو چەندین ساڵە لە نەرویج دەرکراوە، ئێمە هیچ دڵنیاییەکمان بەو نەداوە کە ئەتوانێت بگەڕێتەوە، ئەگەریش بیەوێت بگەڕێتەوە، پێویستە بە شێوەیەکی ئاسایی داواکاریی پێشکەش بکاتەوە.

نەجمەدین فەرەج ئەحمەد، ناسراو بە مەلا کرێکار، لە ساڵی ١٩٥٦ لە سلێمانی لەدایک بووە، بڕوانامەی ماستەری لە زانستی فەرموودەوانیدا ھەیە، خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە، زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی و نەرویجی دەزانێت، لایەنەکانی دژ بە مەلا کرێکار بە تیرۆرست ناوزەدی دەکەن، بەڵام خودی مەلا کرێکار و لایەنگرانی ڕەتی دەکەنەوە و لەسەر ئەم باوەڕەن کە مەلا کرێکار تیرۆریست نییە و ھیچ بەڵگەیەک بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە نییە، خۆیشیان دەڵێن کە گوایە دادگای نەرویجیش نەیتوانیوە تیرۆریستبوونەکەی بسەلمێنێت.

د.ع