وەزیرانی دەرەوەی ئێران و ئەڵمانیا کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسییان بەڕێوەبرد

وەزیریی دەرەوەی ئەڵمانیا کە سەردانی ئێرانی کردووە، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی هاوبەشیان ئەنجامدا.


دەرنگانی شەوی ڕابردوو هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران و ئەمڕۆ لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە و دوای ئەوەش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان بەڕێوەبرد، ماس بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کۆببێتەوە.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە ئاماژەدان بە ناکۆکییەکان لەسەر کەمبوونەوەی پابەندبوونی لایەنەکان بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە ڕایگەیاند: زۆر گرنگە کە دانووستانەکان و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا لە نێوان هەردوولا بەڕێوە بچێت.

ماس هەروەها وتوویەتی: دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر هەستیار و جدییە و پێویستە هەوڵبدەین تا پێشبگرین لە ئەگەری پێکدادان و شەڕێک لە ناوچەکە، لەو کۆبوونەوانەی لە وڵاتانی ناوچەکە هەمبوو، هیچ کەسێک شەڕی ناوێت، ئەمە پەیامێکە کە لە وڵاتانی ناوچەکەوە بۆ ئێرانم هێناوە.

ماس هەروەها لەسەر پابەندبوونیان بە بەڵێنەکانیان لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە وتوویەتی: بۆ جێبەجێیکردنی بەڵێنەکانمان هەموو هەوڵێک دەدەین، بەڵام ناتوانین مۆعجیزەش بکەین، هەوڵدەدەین ڕێڕەوی بازرگانی ئیستێکس لە نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئێران جێبەجێی بکەین.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕاشیگەیاندووە: لەسەر بابەتەکانی سوریا و یەمەن قسەمان کرد، پێویستە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی ئێمە و ناوچەکە ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ ئەم وڵاتانە بدۆزینەوە.

محەمەد جەواد زەریف-یش لە کۆنگرەکەدا وتوویەتی: کێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیسرائیل و پشتیوانییەکانی ئەمریکایە، پێچەوانەی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان داگیرکاری قودس و بەرزاییەکانی جۆلان بە فەرمی ناسراوە، 'موعاملەی سەدە' تاوانێکی تازەیە لە ناوچەکە.

زەریف هەروەها ڕوو لە ئەمریکا هەڕەشەی کرد و ڕایگەیاندووە: هیچ کەسێک ناتوانێت دژی ئێمە کارێک بکات مەگەر وەڵامێکی قورس وەرگرێت، ئێمە دەستپێکەری هیچ شەڕێک نەبووین و نابین.

زەریف لەسەردانوستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەش وتوویەتی: دانوستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە پێشنیاری هەمیشەیی ئێران بووە و پێیخۆشحاڵم کە بەڕێز ماس-یش باسی ئەمەی کرد، ئێمە بە جیرانەکانمان وتووە کە ئامادەی دانوستانین، ئەم پێشنیارە هەمیشە لەسەر مێزە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشداوە، کە ترامپ وتوویەتی 'لە شەڕێکی ئابوری داین لەگەڵ ئێران'، و ڕایگەیاندووە: هۆکاری گرژی لە ناوچەکە ئەمەیە، تەنیا ڕێگەی وەستاندنی گرژییەکان لە ناوچەکە، وەستاندنی شەڕی ئابورییە، ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپا دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئابوری ئەمریکا دژی ئێران بگێڕن.

س.ح