وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ بەرهەم ساڵح کۆبووەوە

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووەوە.


ئەمڕۆ، د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازییکرد لە هایکو ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و شاندی یاوه‌ری و دوایکۆبوونەوەکەش نووسینگەی سەرۆک کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بەرھەم ساڵح، جه‌ختی لەگرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و سود وەرگرتن لە ئه‌زموون و شاره‌زایی لە پێناوی پتەوکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان کرووەتەوە، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئابووریی و پیشەسازییدا، ھاوکات ھەوڵەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیکردنی عێراقی لەبوارە جیاجیاکان و ھەروەھا پشتیوانی ئەڵمانیای بۆ گەلی عێراق، بەتایبەتی لە پرۆسەی کۆمەککردن ئاوارەکان بەرزنرخاندووە.

 هەروەها، سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەھەڵوێستی عێراق کردووە لەبارەی ھەماھەنگی ھەڵوێستەکان لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە و پێشھات له‌ ناوچەکەدا، ھاوکات جه‌ختی لە دیدی نەگۆڕی عێراق کردووەتەوە، سەبارەت بە قەیرانەکانی ناوچەکە، که‌ بریتییه‌ لە به‌ر چاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای عێراق.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە"سەرۆک کۆمار ڕوونیکردەوە کە دامەزراندنی سیستەمێکی ناوچەیی جێگیر و بەھێزکردنی کۆدەنگی نێودەوڵەتی و له‌به‌رچاوگرتنی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان باشترین ڕێگا چارەیە بۆ دوورخستنەوەی عێراق و ناوچەکە لە ئەگەری به‌ریه‌ک که‌وتن ململانێ".

سه‌رۆک کۆمار باسی  لە پێویستی یەکخستنی ھەوڵەکان کردووە، لەپێناوی زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و دوورکەوتنەوە لە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان، ھەروەھا ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی ئەڵمانیا کردووە لە پشتیوانیکردنی ھەوڵەکانی ئاشتی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لەپێناوی ئایندەیەکی باشتر بۆ ناوچەکە. 

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش پابەندبوونی وڵاتەکەی لەپشتیوانیکردنی عێراق لە گشت بوارەکاندا و بەھەند وەرگرتنی ئەڵمانیای لە فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکاریی دوو قۆڵی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا دووپاتکردووەتەوە، ھاوکات ڕۆڵی سەرەکی عێراقیشی لەپێناوی بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتی وئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە بەرزنرخاندووە.

چاوەڕان دەکرێت هایکو ماس، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، سەردانی ئێران-یش بکات.

ش.ف