وەزیری نەوتی ئێران: دۆخی ئێستا لە کاتی شەڕی ٨ ساڵە خراپترە

وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بە ئاستتەنگییەکانی بەردەم وڵاتەکەی بۆ فرۆشتنی نەوت کردووە و دەڵێت: بەهۆی گەمارۆکانەوە، شێوازەکانی فرۆشتنی نەوتمان گۆڕێوە، دەشڵێت: "دۆخی ئێستا لە کاتی شەڕی نێوان ئێران و عێراق خراپترە".


ئەمڕۆ بیژەن زەنگنە، وەزیری نەوتی ئێران بە ڕاگەیاندنەکانی وڵاتەکەی وتووە: ئێران بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا، لە شێوازە پێشووەکان کەڵک وەرناگرێت، بۆیە بۆ بەردەوامکردنی فرۆشتنی نەوت ناچارن هەندێک شێوازی نائاسایی بەکاربێنن.

زەنگنە وتوویەتی: نەوتەکەمان بە شێوازیی نافەرمی و جیاواز لە شێوە ئاساییەکان دەفرۆشین، ئەو شێوازانەش نهێنین، چونکە ئەگەر ئەمریکا پێمان بزانێت ئەو ڕێگایانەش دادەخات.

وەزیری نەوتی ئێران لەگەڵ ئەوەی وتی: ناتوانم ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت تا کاتی لابردنی گەمارۆکان ئاشکرا بکەم، بەڵام دانی بەوە دانا کە "دۆخی ئێستای ئێران لەکاتی شەڕەکەی نێوان ئێران و عێراق خراپترە".

ک.س