وەزیری کاری ئێران لە کار دوورخرایەوە

​​​​​​​پەرلەمانتارانی پەرلەمانی ئێران پاش ئەوەی لێپرسینەوەیان لە عەلی ڕەبیعی، وەزیری هەرەوەزی، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی کرد، دەنگی "بەڵێ"یان دا بە لەکار دوورخستنەوەی ئەو وەزیرە.


ئەمڕۆ دانیشتنی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لە عەلی ڕەبیعی دەستیپێکرد و لە ئەنجامی دانیشتنەکەدا ١٢٩ پەرلەمانتار دەنگی "بەڵێ" و ١١١ پەرلەمانتار دەنگی "نا"یان دا بە لە کار دوورخستنەوەی.

پەرلەمانتاران لەبارەی بەڵێنەکانی وەزارەتی کار بۆ دابینکردنی دەرفەتی کار، جیاکاریی لە مووچەکان، دۆخی خانەنشینان و بیمەی کرێکاران پرسیاریان لە عەلی ڕەبیعی کرد، وەڵامەکانی وەزیری کار نەبووە هۆی باوەڕپێکردنی پەرلەمانتاران و بە زۆرینەی دەنگ لەکار دووریانخستنەوە.

جێگای ئاماژەیە، کە یەکێک لە دروشمەکانی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی دابینکردنی دەرفەتی کارکردن بۆ هاوڵاتیان بوو، وەزارەتی کاری ئەو دەوڵەتەش بەڵێنی دابوو کە زیاتر لە یەک ملیۆن دەرفەتی کار لە وڵاتدا دابین بکات، بەڵام پاش پێنج ساڵ لە کارەکانی دەوڵەتی ڕۆحانی، نەک ئەو دەرفەتانە بۆ هاوڵاتیان دابین نەکران، بەڵکو یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کرێکاریش بێکارکراون.

س.ح