١٣ـەهەمین خولی دانیشتنەکانی ئاستانە دەستیپێکرد

بە بەشداری شاندی نوێنەرایەتی ڕژێمی سوریا و وڵاتانی ڕوسیا، ئێران و تورکیا، ١٣ـەهەمین خولی دانیشتنەکانی ئاستانە لەسەر سوریا لە کازاکستان دەستیپێکرد.


بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی کازاکستان، دانیشتنەکانی ئاستانە بۆ ١٣ـەمین خول، بەیانی ئەمڕۆ لە شاری نورسوڵتان بە ئامادەبوونی سێ وڵاتی ڕوسیا، ئێران و تورکیا، هەروەها شاندی نوێنەرایەتیی ڕژێمی سوریا دەستیپێکردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، شاندێکی ئەمریکی، ژمارەیەک لە ئۆپۆزسیۆنی سوریا و نوێنەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەشداری دانیشتنەکە دەبن، هەروەها وڵاتانی ئوردن، لوبنان و عێراقیش وەک چاودێر ئامادەی دانیشتنەکە دەبن.

هەروەها نوێنەری خاچی سوری نێودەوڵەتی و کۆمسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری پەنابەران و جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سوریاش لەو دانیشتنە بەشداریی دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی کازاکستان ڕایگەیاند: ڕۆژی یەکەمی دانیشتنەکە ئەمڕۆ لەپشت دەرگا داخراوەکان بەڕێوە دەچێت، بەڵام ڕۆژی دووەمی دانیشتنەکە کراوە دەبێت و ئەنجامی دانوستانەکان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاو دەکرێتەوە.

لەم دانیشتنەدا بڕیارە دوایین گۆڕانکارییەکانی سوریا بە تایبەت دۆخی ئیدلب و باکوری ڕۆژئاوای ئەو وڵاتە باسیان لەسەر بکردێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ١٢ دانیشتنی پێشووی ئاستانە تا ئێستا ئەنجامێکی بەرچاوی نەبووە و نەیتوانیوە چارەسەرییەک بۆ کێشەی سوریا بدۆزێتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵکی سوریا لەو دانیشتە بە تایبەت کوردەکان بەشدارییان پێی ناکریت.

 

ش.ف