٢٢٠ مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراوە و ٤٥ کەس برینداربوون

بۆ دووەمین ڕۆژی بەردەوام ئاراستەکردنی مووشەک لە کەرتی غەزەوە بۆ ئیسرائیل بەردەوامە، تا ئێستا ٢٢٠ مووشەک ئاراستەی ئەو وڵاتە کراوە و بەو هۆیەوە ٤٥ کەس بریندرابوون، ئیسرائیلیش بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی مووشەکەکان دەداتەوە.


دوای ئەوەی دوێنێ، "بەهاء ئەبوعەتا" یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لەلایەن هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج و کوژرا، لە دوای ئەو ڕووداوەوە تا ئەمڕۆ لە کەرتی غەزەوە ٢٢٠ مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.

بەیانی ئەمڕۆ زەنگی مەترسی لە گەڕەک و ناوچەکانی "ئەشدود، عەسقەلان، بێت عەزرا و ناحال عەوز"، لێدرا و نزیکەی ٧٠ مووشەک لە غەزەوە ئاراستەی ناوچەکانی ناوەند و باشوری ئیسرائیل کرا.

ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە، حەماس خۆی لە پێکدادانەکان کشاندووەتەوە و بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی ئاراستەکردنی مووشەکەکان درێژەپێدەدات، گونبەزی ئاسنینی (سیستەمی بەرگری) ئیسرائیلیش ٩٠٪ی مووشەکەکانی بێ کاریگەر کردووە.

کاتژمێرێک دوای ئاراستەکردنی مووشەکەکان، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دوو خاڵی چاودێری جیهادی ئیسلامی لە ناوچەکانی "جبالیا و زەیتون" کردووەتە ئامانج.

سەرچاوەکە ڕاشیگەیاندووە کە بە گشتی ژمارەی بریندارەکانی ئەم هێرشانە گەیشتووەتە ٤٥ کەس، بەڵام ڕوونی نەکردووەتەوە کە بریندارەکان هی هەردوو لان یان نا.

بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە "خالید فەراج" تەمەن ٣٨ ساڵ کە بەرپرسی یەکێک لەو سایتە مووشەکیانە بووە لە هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراوە.

ک.س