٦ کرێکار گیانیان لەدەستدا

لە دوو ڕووداوی جیاوازدا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەش کرێکار گیانیان لەدەستدا.


دوێنێ پێنج کرێکاری بیرهەڵکەن لە پارێزگای ئیسفەهان بەهۆی ژەهراویبوون بە گاز و کرێکارێکی دیکەش بەهۆی ڕووخانی دیوار بەسەریدا لە سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گیانیان لەدەستدا.

ئێوارەی دوێنێ کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئێوارە لە گوندی 'بەردیسان' لە پارێزگای ئیسفەهان، پێنج کرێکار لە کاتی هەڵکەندنی بیر بە گازی بیرەکە ژەهراویبوون و گیانیان لەدەستدا.

هەر دوێنێ کرێکارێک بەناوی 'جەلیل شاهکەرەمی' تەمەن ٤٥ ساڵ، لە کاتی کاری بیناسازی لە گەڕەکی "کانی کوزەڵە" لە خوێندنگایەک، بەهۆی ڕووخانی دیوارێک بەسەریدا گیانی لەدەستدا.

جێگای ئاماژەیە کە ساڵانە لە ئێران سەدان کرێکار بەهۆی نەبوونی 'کەرەستەی پاراستنی تایبەت بەکار' لە ئێران و ڕۆژهەلاتی کوردستان گیان لەدەست دەدەن یان کەمئەندام دەبن.

س.ح