پارتی و تورکیا هەوڵی بچڕاندنی دیدارەکانی ڕژێمی سوریا و مەسەدە دەدەن

دیدارەکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات-مەسەدە و ڕژێمی سوریا، پارتی و تورکیای نیگەرانکردووە، بۆ ڕاگرتنی ئەو دیدارانە، شاندێکی میتی تورک و پارتی لەگەڵ بەرپرسانی سوریا کۆبوونەتەوە و داوایان لێکردوون دیدارەکانیان لەگەڵ مەسەدە ڕاگرن، بەڵام بەرپرسانی دیمەشق ئەو داواکارییەیان ڕەتکردووەتەوە و جەختیان لە بەردەوامیدان بە دیدارەکانیان کردووەتەو لەگەڵ مەسەدە.


ڕۆژی ٢٦ی تەموز شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی ڕیاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات –مەسەدە، بە بانگهێشتی حکومەتی بەشار ئەسەد چووە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا کۆبوونەوە.

ئەو کۆبوونەوەیە، تورکیا و پارتی نیگەرانکردووە و هەوڵدەدەن کە هەنگاوە چارەسەرییەکان ئاستەنگ بکەن، بەپێی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوە، بەفەرمانی ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورک، شاندێک لە بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری میتی تورک و پارتی، لەدوای کۆبوونەوەکەی مەسەدە و ڕژێمی سوریا، سەردانی دیمەشقیان کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ڕژێمی سوریا کۆبوونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی میت و پارتی لەبەرامبەر کۆتاییهێنان بە دیدارەکان لەگەڵ مەسەدە، بەڵێنیان بە بەرپرسانی ڕژێمی سوریا داوە، کە کۆنسوڵخانەی سوریا لە هەولێر بکەنەوە، بەڵام بەرپرسانی سوریا سووربوون لەسەر بەردەوامیدان بە دیدارەکانیان لەگەڵ مەسەدە.

داواشیان لە بەرپرسانی ڕژێمی سوریا کردووە، کە دیدارەکانیان لەگەڵ مەسەدە ببچڕێنن و دانووستانی نهێنی ئەنجام بدەن.

سەرچاوەیەکی ڕژێمی سوریاش لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی خەبەر٢٤، بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوەیەی پشڕاستکردەوە و ڕایگەیاندووە، کە هیچ ئەنجامێک لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندە هاوبەشەکەی پارتی و تورکیا دەرنەکەوتووە.

ئەو سەرچاوەیە، خواستی ڕژێمی سوریای بۆ بەردەوامیی دیدارەکان لەگەڵ ئەنجومەنی سوریای دیموکرات-مەسەدە دەربڕیوە، بە ئامانجی پێکهێنانی چارەسەریی بۆ کێشەکانی سوریا.

ڕۆژی ٢٦ی تەموز شاندێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی ڕیاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات –مەسەدە، بە بانگهێشتی حکومەتی بەشار ئەسەد چووە دیمەشق، دواتریش لەبارەی دانیشتنەکانی دیمەشقەوە مەسەدە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی مەسەدە: لە ئەنجامی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، کە چەندین کۆمیتە لە هەموو ئاستەکاندا بەمەبەستی دیالۆگ و دانوستان و کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و شەڕ لە کۆمەڵگادا پێکبێت، هەروەها نەخشەڕێگایەک ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی ڕێخۆشکەر بێت بۆ پێکهێنانی سوریایەکی دیموکرات و لامەرکەزیی.

ب.ل