پارتە کوردییەکانی باکور بەرەیەکی هاوبەش پێکدەهێنن

پارتە کوردییەکانی باکوری کوردستان دوای کۆبوونەوەیان لە ئامەد، ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان ڕاگەیاند، ئاماژەیان بەوەکرد، کە لە ژێر ناوی خەباتی یەکڕیزیی کوردستانیی، لە داهاتوودا کار بۆ یەکێتی نەتەوەیی دەکەن.


دوێنێ لە شاری ئامەد، نوێنەرانی، یەکێتی کۆمەڵگەی دیموکرات- کەجەدە، پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپە، کەمەڵەی کوردی دیموکرات و شۆڕشگێڕ، پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا، پارتی دیموکراتی کوردستانی-باکور 'پ د ک باکور'، پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، پارتی مرۆڤ و ئازادی، بزوتنەوەی ئازادی، پارتی ئازادی کۆبوونەوە، ئەمڕۆش دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکە ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەدا کە بەزمانەکانی کوردی و تورکی خوێندرانەوە، داوا کرا، کە هەموو کوردان لە دژی داگیرکاریی یەکدەنگ و یەک هەڵوێستبن، هەروەها هاتبوو: ئاکەپە- مەهەپە هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانیان پێشێل کردووە، هەموو ئەو هاوسەرۆک و ئەندامانەی ئەنجومەنی شارەوانییەکان دەستگیردەکەن کە لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون و قەیوم دەخەنە شوێنەکانیان، بەوەش گورزی کوشندە لە دیموکراسییەت دەدەن و هەوڵی لەناوبردنی هەبوون و دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەدەن.

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، کە ڕووداوەکانی ناوچەکە بوون بە هۆکارێک بۆ ئەوەی لە ئێستادا لە ڕای گشتی جیهانیدا دۆخێکی ئەرێنی بۆ کورد دروستببێت، "ئەگەر ئێمە هێزی خۆمان بکەینە یەک، قبوڵکردنی دەستکەوتە نێونەتەوەییەکانی ئێمە زیاتر دەبێت، داخوازی گەلەکەشمان ئەوەیە ئێمە یەکدەنگ بین".

ئەو پارتانەی بەشداری کۆبوونەوەکەیان کردووە، پێکەوە واژۆی چەند بڕیارێکیان لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەدا کردووەو بەم خاڵانە خستوویانەتەڕوو:

١-کارکردن بۆ بنیادنانی یەکڕیزی نەتەوەیی لە باکوری کوردستان.

٢-بۆ بنیادنانی یەکڕیزی داهاتوو، ئێمە چالاکییەکانی خۆمان بەناوی "خەباتی یەکڕیزی کوردستانی"ی بەڕێوەدەبەین.

٣-لەو چوارچێوانەدا، لە ١٨ و ١٩ی مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا، '٢٠٢٠'، بۆ بنیادنانی یەکڕیزیی نەتەوەیی، کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەدەچێت و دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

٤-ئامادەکاریی کۆبوونەوەکە لەلایەن کۆمسیۆنێکەوە ڕێک دەخرێت، کە لە پێنج کەس پێکدێت.

٥-ڕێگامان بۆ هەموو پارت و بزوتنەوە کوردستانییەکان کراوەیە، کە لە سەرەتای ئەم خەباتەدا جێگایان نەگرتووە، دەتوانن لێرە بەدواوە بەشداریی بکەن.

لە کۆتاییدا داوا لە گەل، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕۆشنبیران و ڕیشسپیان کراوە، کە "بە فکرو ڕامانی خۆیان و ڕەخنەو پیشنیارەکانیان بەشداری لە هەوڵدان و کارەکانی ئێمەدا بکەن".

س.ح