پارێزه‌رەکەی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ٣٠ ساڵ سزای زیندان دەدرێت

ئەمیر داودی، پارێزەری زیندانی سیاسیی زەینەب جەلالیان، لەلایەن دادگایەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٣٠ ساڵ زیندانی درا، بنەماڵەکەشی رایدەگەیەنن، سکاڵا لە دادگای باڵای ئێران و دادگا نێودەوڵەتییەکان دژی سزاکە تۆمار دەکەن.


دوێنێ دانیشتنێكی دیكه‌ی دادگه‌ییكردنی ئه‌میر سالار داودی، پارێزه‌ری زه‌ینه‌ب جه‌لالیان زیندانیی سیاسیی كورد له‌ دادگه‌یه‌كی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ڕێوه‌چوو، داودی له‌ پاییزی ساڵی ڕابردووه‌وه‌ به‌ بیانووی كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵێك له‌ 'ته‌له‌گرام له‌ زیندانی ئه‌وین-ی تاران زیندانی كراوه‌.

ناوبراو له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا كاری پارێزه‌ری بۆ زه‌ینه‌ب جه‌لالیان زیندانیی سیاسیی كورد و زۆر چالاك و به‌رهه‌ڵه‌ستكاری دیكه‌ی ئێران كردووه، ڕاگه‌یه‌نرا دادگای ئێران سزای ٣٠ زیندانیكردنی بۆ ئه‌میر سالار داوی بڕیوه‌ته‌وه‌.

ته‌ناز كۆلاهچیان هاوژینی داودی ڕایگه‌یاند، هاوژینه‌كه‌ی هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ كه‌ شایه‌نی ئه‌م سزایه‌ بێت، ئاماژەی بەوەشکرد، له‌پێناو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و سزایه‌ له‌ دادگا‌ باڵاكانی ئێران و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان سكاڵا تۆمار ده‌كه‌ن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕێكخراوی لێبووردنی نێوده‌وڵه‌تی ئیدانه‌ی ئه‌و سزادانه‌ی كرد و داوای له‌ داموده‌زگه‌كانی ئێران كرد ده‌موده‌ست سزاكه‌ هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

س.ح