پارێزگاری بەغدا بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دەستی لەکارکێشایەوە

بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی پێنج ڕۆژی ڕابردووی دانیشتووانی بەغدا و کوژران و برینداربوونی سەدان کەس، پارێزگاری بەغدا دەستی لەکارکێشایەوە.


ئەمڕۆ، فەلاح جەزائیری، پارێزگاری بەغدا نامەی دەست لەکارکێشانەوەی ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگاکە کردووە و ئەنجومەنی پارێزگاش بە زۆرینەی دەنگ دەست لەکارکێشانەوەکەی پەسەندکردووە.

دەست لەکارکێشانەوەی پارێزگاری بەغدا، بەهۆی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەوە بوو، کە ماوەی پێنج ڕۆژە بەغدای گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستاش سەدان کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە.

جەزائیری ساڵی ١٩٦٠ لەدایکبووە و مانگی ١٢ی ٢٠١٨ وەک پارێزگاری بەغدا دەستبەکاربووە، پێشتریش ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا بووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی پێنج ڕۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەغدای پایتەخت و بەشێک لە شارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتووەتەوە، بەپێی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراقیش، تائێستا زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەر و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و زیاتر لە ٤ هەزار کەسیش برینداربوون.

ب.ل