پارێزەران بانگهێشتی ئەردوغان-یان ڕەتکردەوە

ژمارەیەکی زۆر لە پارێزەرانی تورکیا بانگهێشتی ئەردوغان-یان بۆ میوانداریی کردنەوەی دەزگای داد ڕەتکردەوە و دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری دەزگای دادیان شەرمەزار کرد.


بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، لە کۆی ٧٩ نووسینگەی پارێزەران کە لەلایەن ئەردوغانەوە بانگهێشتی مەراسیمی هاوینەی کردنەوەی دەزگای داد کراون، ٥٢ نوسینگەیان ئەو بانگهێشتەیان ڕەتکردووەتەوە.

پارێزەران لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا کە ئەمڕۆ بڵاویان کردووەتەوە، ڕایانگەیاند:"بەشی هەرە گەورەی ئازادییەکان، مافە بنەڕەتییەکان و بە تایبەت ئازادی ڕادەربڕین و باوەڕ لە تورکیا لەناو براوە، ئەو مافانەش ماونەتەوە وەک منەت دەدرێت بەسەرماندا".

نووسینگەی پارێزەران ڕەخنەیان لەوە کردووە، کە ئەو مەراسیمە لە کۆشکی سەرۆک کۆماری بەڕێوەدەچێت و بەو پێیە ئەسڵی سەربەخۆیی دەزگاکان پێشل کراوە، هەروەها ڕایانگەیاندووە "دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری دەزگای داد و سەپاندنی هەیمەنە و دەسەڵاتی ئەردوغان سیستمی دادی تورکیای تێکداوە".

جێگای ئاماژەیە، کە دوای کودەتا ساختەکەی ٢٠١٦ی تورکیا، سەرکوتکردنی مافی هاوڵاتیان و پێشلکردنی یاسا لە تورکیا زیادی کردووە و تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە کارمەندان، سەرباز و پلەدارەکان، پارێزەران، نوێنەرانی پەرلەمان و ئەندامانی پارتە کوردییەکان زیندانیی کراون و تا ئێستاش بەردەوامە و بەم دواییانەش سێ شارەوانی گەورەشارەکانی باکوری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپەوە داگیرکراون و خۆسەپێن لەجێی هاوسەرۆکی شارەوانییەکان دانراون.

س.ح