پانۆرامای ڕووداوەکانی عێراق لە ٢٠١٨دا

ساڵی ٢٠١٨ ساڵێکی جیاواز بوو بۆ عێراق بە بەراورد بە ساڵەکانی ڕابردوو، بەو پێیەی ئەو ساڵە هیچ ڕووداوێکی گەورەی سەربازیی دژی داعشی بەخۆیەوە نەبینی، بەڵکو ڕووداو و ململانێکان زیاتر بەرەو مەیدانی سیاسەت چوون، لەگەڵ ئەوەشدا ناوبەناو هێرشی پاشماوەکانی چەتەکانی داعش لێرە و لەوێ و ڕووداوی تەقینەوە هەر هەبوون.


لە ٢٠١٨دا عێراق ململانێی سیاسیی گەورەی بەخۆیەوە بینی، ئەوەش لە ئاکامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکە و لێکەوتەکانی، هەروەها ناکۆکی لەسەر دیارییکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی حکومەت و دواتریش ئاستەنگەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، کە تا کۆتایی ساڵیش درێژەی کێشاوە و هێشتا ئەو گرێ کوێرە بە تەواویی نەکراوەتەوە.

خۆپیشاندانە خوێناوییەکانی بەسرە و شارەکانی دیکەی باشوری عێراق، کرانەوەی زیاتری سیاسەتی دەرەوەی عێراق هەروەها باشبوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، چەند ڕووداوێکی دیکەی گرنگی ساڵی ٢٠١٨ی عێراق بوون.

ئاژانسی ڕۆژنیوز گرنگترین ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١٨ی بوارە جیاوازەکانی عێراقی بەم شێوەیە ئامادەکردووە:

دۆخی ئەمنی:

یەکەم- بەردەوامی هێرش و تەقینەوە و ڕووداوەکانی توندوتیژی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق

لە ساڵی ٢٠١٨، بەهەمان شێوەی ساڵانی ڕابردوو بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر، ناوچە جیاوازەکانی عێراق ناو بە ناو تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و بۆمب و پشتوێنی بۆمبڕێژکراوی بەخۆوە بینی، ئەمە جگە لەوەی پاشماوەکانی داعش و گروپە جیاوازەکانی دیکە لە چەند شوێنێکی جیاواز هێرشیان دەکردە سەر هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتیانی مەدەنی، هەروەها چەندین ڕووداوی ڕفاندن و تیرۆریش تۆمارکراون، کۆی ڕووداوەکانیش دەیان کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ئامارەکانی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە مانگانە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی تۆمار و بڵاودەکاتەوە، لە یانزە مانگی ڕابردووی ساڵی ٢٠١٨ (جگە مانگی کانونی یەکەم کە هێشتا ئامارەکانی بڵاونەکراونەتەوە) ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی توندوتیژیی و هێرشەکانەوە کوژراون گەیشتووەتە ٩٠٣ هاوڵاتی، کە زۆرینەی لە شاری بەغدای پایتەخت بوون.

دووەم- دۆخی ناوچە دابڕێندراوەکان و لێکەوتەکانی ١٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ '١٦ی ئۆکتۆبەر'

دوای ئەوەی بەغدا دەسەڵاتی خۆی سەپاند بەسەر ناوچە دابڕێندراوەکان کە لە خانەقینەوە درێژ دەبێتەوە تا حەمرین و خورماتوو، تا کەرکوک و مەخمور و دەشتی نەینەوا لەنێویدا شەنگال، هێرشە تیرۆرستییەکان لەو ناوچانە زیادیان کرد، کە خۆی دەبینییەوە لە تەقینەوەی بۆمبی چێندراو، ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، هێرشی خۆکوژی و ڕووداوەکانی ڕفاندن، هەروەها ئەو ناوچانە جموجۆڵی شانەکانی داعشی تێدابوو.

هەر لە چوارچێوەی دۆخی ئەمنیدا، چەندین گوندی سنووری ناوچە دابڕێندراوەکان بەهۆی مەترسیی هێرشی گروپە چەکدارەکان و لاوازیی دەزگا ئەمنییەکان لەو ناوچانە چۆڵکران، وەک گوندی مەردان لە خانەقین و گوندێکی کاکەییەکان لە شارەدێی داقوقی باشوری کەرکوک.

هەرچی لەبارەی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراقە، کە تایبەتە دۆخی ناوچە دابڕاوەکان و لەساڵی ٢٠٠٥-ەوە لە دەستووردا جێگیرکراوە، لەم ساڵیشدا ئەو ماددەیە جێبەجێنەکرا و بابەتی مشتومڕی لایەنە جیاوازە عێراقیی و کوردستانییەکان بوو.

لە مساڵیشدا کەرکوک وەک مەیدانی دەوڵەتە دراوسێکان مایەوە، لەسەروو هەمووشیانەوە دەوڵەتی تورک، کە لەڕووی ماددی و مەعنەوییەوە پاڵپشتی لایەنە سیاسییە تورکمانییەکان دەکات لەسەر حسابی وەلانانی پێکهاتەکانی دیکە، ئەوەش لە پێناو سەپاندنی باڵادەستی خۆی لەناوچەکەدا، ئەوەش لەو لێدوانەی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق فالح یەلدز بە ڕوونی دەرکەوت کاتێک ڕایگەیاند، کە گوایە کەرکوک شاری باو و باپیرانیەتی، بەڵام ئەو قسەیە هیچ هەڵوێستێکی فەرمی بەغدای بەدوای خۆیدا نەهێنا.

سێیەم- هۆشداریی لە گەڕانەوەی داعش

لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، چەند لایەن و کەسایەتییەکی سیاسیی، هۆشدارییان دا لە گەڕانەوەی داعش بۆ ئەوە ناوچانەی ئازادکرابوون، ئەوەش بەهۆی گەندەڵی و بۆشایی ئەمنییەوە، لێدوانەکەی موقتەدا سەدر لەوبارەیەوە دیارترینیان بوو، کاتێک لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم وتی:"موسڵ لە مەترسیدایە، شانەکانی داعش دەستیانکردووەتەوە بە چالاکیی و دەستی گەندەڵکارانیش کراوەن".

چوارەم- لابردنی بەربەستە کۆنکرێتییەکان و کردنەوەی ناوچەی سەوز

لە دوای کەوتنی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە، ناوچەی سەوز بووە ناوچەیەکی دابڕێندراو لە ناوچەکانی دیکەی بەغدا، ناوچەی سەوز کە ڕووبەرەکەی ١٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دەکەوێتە ناوەڕاستی پایتەخت، شوێنی باڵەخانە حکومییەکان و باڵیۆزخانەی وڵاتانە، لە نێویاندا باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بەریتانیا، عادل عەبدولمەهدی لەو کاتەی وەک سەرۆکی وەزیرانی نوێ متمانەی پێبەخشرا لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵێنی دا بە کردنەوەی ئەو ناوچە بەڕووی هاوڵاتیاندا، دوای چەند هەفتەیەکیش بەشێک لە بەربەستە کۆنکرێتییەکانی دەوروبەری ناوچەی سەوز هەڵگیران، بەڵام تا ئێستا ناوچەکە بەتەواوی بەڕووی هاوڵاتیانی ئاساییدا نەکراوتەوە.

دۆخی ئابووریی و خزمەتگوزاریی، خۆپیشاندانەکانی باشوری عێراق

یەکەم- بودجەی ٢٠١٨ی عێراق و بەشە بودجەی هەرێم و رێککەوتنی نەوت

لە ڕۆژی ٣ی ئاداری ٢٠١٨، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی دا بە پڕۆژە یاسای بودجەی وڵات، کە بڕەکەی ٧٧.٥ ملیار دۆلار بوو، بە کورتهێنانی ١١ ملیار دۆلار، بۆ یەکەمجاریش بەشە بودجەی هەرێم لە لەسەدا ١٧-ەوە کەمی کرد بۆ لەسەدا ١٢.٦٧، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەندامە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق ناڕەزایی دەرببڕن و دەنگ بە پڕۆژە یاساکە نەدەن.

بۆ بودجەی ساڵی ٢٠١٨، ٢٠ ملیار دۆلار بۆ خەرجیی وەبەرهێنان و پڕۆژەکان دابینکرابوو، بودجەکەش بەپێی نرخی نەوت بە ٤٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک خەمڵێندرابوو، ئەوەش بە فرۆشتنی ڕۆژانەی سێ ملیۆن و ٨٨٨ هەزار بەرمیل، لە نێویاندا ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان.

هەرچی لەبارەی بودجەی ساڵی ٢٠١٩-ەوەیە، لە ڕۆژی ١٢ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەوبارەیەوە کرد، بەڵام پڕۆژە یاساکە ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بووەیەوە، بەتیابەت لەلایەن نوێنەرە کوردەکانەوە، بەهۆی ئەوەی پشکی کورد وەک ساڵی ڕابردوو لەسەدا ١٢.٦٧ بوو، هەروەها هەڵەبجەش وەک پارێزگایەک سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا نەکرابوو، بەو هۆیەشەوە بودجەکە گەڕێندرایەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و تا ئێستاش کە لە ڕۆژەکانی کۆتایی ساڵداین، بودجەکە لە پەرلەمان گفتوگۆی لەبارەوە نەکراوەتەوە.

ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە پێدەچێت بەڕێژەیەکی دیارییکراو بەشە بودجەی هەرێم زیادبکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم گەیشتنە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لەڕێی هەرێمی کوردساتن، بە بڕی ٥٠-١٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، ئەو بڕەش لەڕێی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ"ـوە هەناردە دەکرێت و دەفرۆشرێت، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ١٩ی تشرینی دووەم.

دووەم- ڕووداوە ژینگەییەکان و دۆسیەی ئاو

تورکیا دەستیکرد بە پڕکردنی بەنداوی ئەیلسۆ کە لەسەر ڕووباری دیجلە دروستیکردووە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی کردە سەر عێراق و بووە هۆی کەمبوونەوە و وشکبوونی ڕووباری دیجلە، هاوڵاتیانی باشوری عێراقیش زۆرترین زیانیان لەو کارەی حکومەتی تورکیا بەرکەوت، بەجۆرێک لە هاوینی ٢٠١٨ ئاوی پێویستیان نەبوو بۆ خواردنەوە و پێداویستییەکانی دیکەیان، بەو هۆیەشەوە هاوڵاتییە عێراقییەکان لە بەغدا لەبەردەم باڵیۆزخانەی تورکیادا خۆپیشاندایان ئەنجامدا و یەکێک لەو دروشمانەی بەرزیان کردبوویەوە بریتیبوو لە "وشککردنی ئاوی دیجلە تاوانی کۆمەڵکوژی گەلی عێراق"، هەروەها "ئەردۆغان سنوری خۆت بزانە.. ئەردۆغان بەنداوەکان بکەرەوە"، بەڵام دۆسیەی ئاو بەبێ هیچ بەرەوپێشچوونێک مایەوە.

تەنانەت پەرلەمانی عێراق کە ڕۆژی ٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨ ویستی دانیشتنێکی بەپەلە لەو بارەیەوە ئەنجامبدات دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا، دواتر لە مانگی ئابدا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق سەردانی تورکیای کرد بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک، لەوانە پرسی ئاو و وشکبوونی ڕووبارەکانی عێراق، پاشان عەبادی ڕاگەیاند، کە تورکیا بەڵێنی داوە بەشی پێویستی ئاو بۆ عێراق بەربداتەوە، بەڵام لێکەوتەکانی پرسی ئاو هەر ماون، بەتایبەتی لەسەر شاری بەسرە و ناوچە گەرمەکانی باشوری عێراق.

تەلەفبوونی ماسییەکان

لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، دیاردەیەکی نامۆ لە ڕووبارەکانی عێراق ڕوویدا، ئەویش سەرئاوکەوتن و تەلەفبوونی هەزارن ماسی بوو، سەرەتا دیاردەکە لە باکوری بابل سەریهەڵدا، دواتر بەرەو ناوەراست و باشوری پارێزگاکە و شارە نزیکەکانی دیکەش تەشەنەی سەند، زیانی ئەو کارەساتەش بە ملیۆنان دۆلار خەمڵێندرا، لە کاتێکدا شارەزایانی ئەو بوارە و لایەنە پەیوندیدارەکان دەستەوەستان بوون لەبارەی ڕووداوەکە و نەگەیشتنە دەرەنجامێکی ڕوون کە هۆکارەکەی ئاشکرا بکات.

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند هۆکاری ڕووداوەکە بڵاوبوونەوەی بەکتریایە لەنێو ماسییەکاندا، لەبەرامبەریشدا شارەزایانی بواری ژینگە پێیان وابوو، کە پیسبوونی ژینگە و کردنی ئاوەکان بە شوێنی فڕێدانی پاشماوەکان و ماددە کیمیاییەکان، هۆکاری تەلەفبوونی سەدان هەزار ماسیین، بەشێکی دیکەش گومانیان بۆ ژەهراویکردنی بەئەنقەستی ماسییەکان دەچوو.

 قوربانی لافاوەکان

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی زستانی ئەمساڵدا، لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق نزیکەی ٢٠ حاڵەتی مردن بەهۆی لافاوەوە تۆمارکران، زۆربەی قوربانییەکانیش لە هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین و واست بوون، هۆکاری لافاوەکانیش بارانی بەلێزمە و چڕ بوو کە چەند ناوچەیەکی گرتەوە و بووە هۆی ئەوەی سەدان ماڵ ژێر ئاو بکەون.

سێیەم- خۆپیشاندانەکانی بەسرە و ناوچەکانی باشور

 پارێزگای بەسرە وەک یەکێک لەو ناوچانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە لە گەندەڵی ئیداریی و نەبوونی خزمەتگوزاری، لە ساڵی ٢٠١٨ شەپۆلێکی گەورەی خۆپیشاندانی و ناڕەزایی بەخۆیەوە بینی کە چەندین قوربانی لێکەوتەوە.

خۆپیشاندانەکانی باشوری عێراق لە مانگی تەموزدا لە شار ی بەسرەوە دەستیپێکرد و دواتر تەشەنەی سەند و زۆربەی شارەکانی باشوری گرتەوە و پریشکی گەیشتە بەغدای پایتەختیش، سەرەکیترین هۆکاری خۆپیشاندانەکان بریتیبوون لە؛ کەمیی کارەبا بەتایبەتی لە وەرزی هاوین ئەوکاتەی پلەی گەرما زۆر بەرزدەبێتەوە، کێشەی کەمی ئاوی خواردنەوە بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکانی تورکیاوە، هەروەها پیسبوونی ئەو ئاوەی دەدرێت بە هاوڵاتیان، کێشەی کەمیی هەلی کار بەتایبەتی لەنێو گەنجاندا، ئەویش بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەی چەندین ساڵە دامەزراندنی حکومیی ڕاگیراوە.

هاوڵاتیانی بەسرە و پارێزگاکانی دیکە لە نێوان بەرواری ٨ی تەموز تا ٧ ئەیلول لەسەر شەقامەکان بوون، لە ئاکامی ڕووبەرووبوونەوەکاندا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، ٢٢ خۆپیشاندەر کوژران کە ١٢یان لە پارێزگای بەسرەبوون و ١٠ی دیکەش لە ناوچەکانی دیوانیە، سەماوە، نەجەف و میسان بوو، هاوکات دەیان خۆپیشاندەریش برینداربوون و سەدانیشیان لە لایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.

لە کاتی خۆپیشاندانەکانیشدا، حکومەتی عێراق خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق ڕاگرت جگە لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لە بەسرە.

لە ڕۆژی ١١ی ئەیلولدا، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، حەوت بڕیاری لەبارەی بەسرەوە دەرکرد بۆ چارەسەری کێشەی ئاو و خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ڕەخساندنی هەلی کار.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران

لە ڕۆژی ١٢ی ئایاری ٢٠١٨، لە سەرتاسەری عێراق هەڵبژاردن بۆ خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدرا، کە بەپێی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ڕێژەی بەشدارییکردن تێیدا لەسەدا ٤٥ بوو، لە ٢٤ ملیۆن و ٣٤٩ هەزار و ٣٥٧ هاوڵاتی کە مافی دەنگدانیان هەبوو.

ڕایگەیاندنی ئەنجامەکان لە ١٩ی ئایاردا، ناڕەزایی چەندین لایەن و هێزی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێنا، لایەنەکان لە بارەی میکانیزمی ژماردنی دەنگەکان ناڕەزایی بوون، بەو پێیەی بۆ یەکەمجار بوو شێوازی ئەلکترۆنی بەکاربهێندرێت بۆ ژماردنی دەنگەکان، لایەنەکان یەکتریان تۆمەتبار دەکرد بە ئەنجامدانی ساختەکاریی و بەکارهێنانی سیستمەکە لە بەرژەوەندی خۆیان، بۆ ئەوەش داوای دووبارە بژاردنەوەی دەنگەکانیان دەکرد بە شێوەی ئەلکترۆنی.

لە ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٨، لە دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەماندا، بڕیاردرا بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ژمارەی ٤٥ی ساڵی ٢٠١٣، بەو پێیەش کۆمسیۆن ناچارکرا دووبارە دەنگەکان بەدەست بژمێرێتەوە.

هەرچەندە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بژاردنەوەی دەستیی دەنگەکانی هەموو بنکە و وێستگەکان بوو، بەڵام دواتر دادگای فیدراڵی ڕایگەیاند، کە تەنها ئەو سندوقانە بژمێردرێنەوە کە سکاڵایان لەسەرتۆمارکراوە، بەوەش سەرەڕای بژاردنەوەی دەستیی ئەو سندوقانە کە ژمارەیەکی کەم بوون، هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا نەهات.

بەپێی دوایین ئەنجامەکانیش، هاوپەیمانێتی "سائیرون" بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر زۆرترین کورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانی مسۆگەرکرد بە ٥٤ کورسیی لە کۆی ٣٢٩، دوای ئەویش هاوپەیمانێتییەکەی هادی عامری هات بە ناوی "فەتح" بە ٤٢ کورسیی، لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکانیش، پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، پەدەکە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان- یەنەکە زۆرینەی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، هەڵبژاردنەکەش پاشەکشەی هێزەکانی وەک بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیی بەخۆیەوە بینی، هاوکات هێزی نوێش دەرکەوتن کە توانیان کورسیی لە پەرلەمانی عێراق مسۆگەربکەن، وەک نەوەی نوێ و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری.

پێکهێنانی حکومەت و ناکۆکییە قووڵەکان

لە ڕۆژی ٣ی ئەیلول، یەکەم دانیشتنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام محەمەد عەلی زینی، بەڕێوەچوو، لەو ڕۆژەدا ئەندامە تازە هەڵبژێردراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام نەیانتوانی  سەرۆک و جێگرەکانی پەرلەمان، هەروەها سەرۆک کۆمار و کاندید بۆ سەرۆک وەزیران دیاریی بکەن.

لە چوارەم دانیشتنی ئەنجومەندا، لە ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەم، دوای ململانێیەکی توند لە دەرەوە و ناوەوەی پەرلەمان، دواجار بەرهەم ساڵح وەک سەرۆک کۆماری عێڕاق هەڵبژێردرا، ئەوەش دوای ئەوە هات بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٥-ەوە، یەکێتی و پارتی رێکنەکەوتن لەسەر دیارییکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، پارتی لە بەرامبەر بەرهەم ساڵح، فوئاد حسێنی کاندید کرد، بەڵام دواجار لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا بەرهەم ساڵح دەنگی زۆرینەی هێنا و کورسی سەرۆکایەتی کۆماری مسۆگەر کرد، هەر ئەو ڕۆژەش سەرۆک کۆماری نوێ، عادل عەبدولمەهدی وەک کاندیدێکی هاوبەشی کوتلە شیعە ناکۆکەکان، کاندیدکرد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٤ی تشرینی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا، متمانە بە عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆک وەزیرانی نوێ و ١٤ وەزیری کابینەکەی بەخشرا، هەشت وەزارەتیش بە پڕنەکراوی مایەوە کە ناکۆکی هەبوو لەسەر کاندیدەکانیان، لە ڕۆژی ١٨ی کانونی یەکەمیشدا، سێ وەزیری دیکە متمانەیان پێ بەخشرا، لە دانیشتنی ڕۆژی ٢٤ی کانونی یەکەمیشدا متمانە بە دوو وەزیری دیکە بەخشدا، بەڵام هێشتا هەر سێ وەزارەتی ناوخۆ، بەرگریی و داد لە کابینەکەی عەبدولمەهدی بێ وەزیرن و لایەنەکان لەسەر کاندیدەکان ڕێکناکەون.

دۆخی سیاسیی و دەستێوەردانی دەرەکی

یەکەم- ململانێی ئێران و ئەمەریکا بۆ سەپاندنی هەژموون و شکاندنی سەروەریی عێراق

لەگەڵ دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ئاشکرابوونی قەبارەی لایەنە سیاسییەکان، هەریەک لە واشنتن و تاران کەوتنە پێشبڕکێوە بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی نزیک لە خۆیان تا بتوانێت کابینەی نوێی حکومەتی عێراق پێکبهێنێت، هاوکات عێراق کەوتە ژێر فشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی لە ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەمەوە بەسەر تاراندا سەپێندرابوون، بەغدا ناچارکرا بچێتە ژێر باری بەشێک لەو سزایانە و هەندێک لە پەیوەندییە ئابورییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، بەڵام عێراق بەخشرا لەوەی بە تەواوی بچێتە ژێر باری سزاکانی سەر تارانەوە، بەو پێیەی ئەو دوو وڵاتە سنورێکی دوور و درێژیان پێکەوە هەیە و هێشتا عێراق ناتوانێت دەستبەرداری بەشێک لە پەیوەندییەکانی بێت لەگەڵ ئێراندا، بەتایبەت لەڕووی وزە و کارەبا و ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ساڵی ٢٠١٨، وەک ساڵانی پێشتر، خاکی عێراق بەردەوام لەژێر تۆپباران و بۆردومانی تورکی و ئێرانی بوو، بەتایبەت لە باکوری عێراق و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام لایەنە فەرمییەکانی عێراق هیچ هەڵوێستێکی جددیان نەبوو، جگە لە سەرکۆنەکردن و بڕیاری تیۆریی، لە نێویاندا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران، لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلول بڕیاری دا بە جێگیرکردنی پاسەوانی سنور بە درێژایی سنوری عێراق-تورکیا، ئەویش بە مەبەستی پاراستنی سنور و رێگرتن لە هەر پێشێلکارییەکی تورکیا، بەڵام ئەو بڕیارە نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە ڕۆژی ١٤ی کانونی یەکەمیشدا، مەخمور و شەنگال لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆردومان کران کە بووە هۆی شەهیدبوونی حەوت هاوڵاتی، وەڵامی حکومەتی عێراقیش تەنها سەرکۆنەکردن و داواکردنی پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق بوو، لە کاتێکدا هێشتا هێزە تورکییەکان لە دەوروبەری بەعشیقە لە پارێزگای نەینەوا جێگیرن بەبێ ئەوەی لە خاکی عێراق بکرێنە دەرەوە، 'جگە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان'، سەرەڕای بوونی داواکاریی زۆر لەوبارەیەوە.

دووەم- پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق

لە ڕۆژی ٢٠ی کانونی دووەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە بەغدای پایتەخت و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران کۆبووەوە، ئەوەیش دوای ئەوە هات، ماوەی چوار مانگ هەموو پەیوەندییە دیبلۆماسی و سیاسییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند پچڕابوو بەهۆی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، دواجار پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دا و نیەتی خۆی پیشاندا لە گەڕانەوە بۆ بەشداریی سیاسیی لە بەغدا لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا، بەدرێژایی ساڵی ٢٠١٨ دیدار و کۆبوونەوە دۆستانەکانی هەرێم و ناوەند بەردەوام بوون، تا دواجار مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێم و سەرۆکی پارتی لە ٢٢ی تشرینی دووەمدا دوای ساڵێک بۆ یەکەمجار سەردانی بەغدای کرد.

س.ح