پرۆژەیاسایەک بۆ دەرکردنی تورکیا لە عێراق دەخرێتەڕوو

هاوپەیمانی سائیرون بۆ وەدەرنانی هێزە دەرەکییەکان، بەتایبەت هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا لە عێراق، پرۆژەیاسایەکی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، هەروەها هاوپەیمانێتی بینا-ش ئەو بابەتە دەخاتە ڕۆژەڤی ئەنجومەنی نوێنەران و داوا دەکات هێزە دەرەکییەکان لە عێراق وەدەر بنرێن. 


ئەو بارەگا سەربازی و سیخوڕییانەی دەوڵەتی تورک و ئەمریکا، کە لە باشوری کوردستان و عێراقن، دەبێتە ڕۆژەڤی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند لایەنێکی سیاسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بوونی هێزە دەرەکیەکان وەک لەناوبردنی ئاسایشی ناوچەکە و هۆکاری ئاڵۆزییەکان دەنرخێنن و بۆ ئەوەی ڕێگری لە مەترسیەکان بکەن، دەیانەوێ ئەو هێزانە لە عێراق دەربکەن. 

هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانێتی بینا بە سەرۆکایەتی هادی عامری و نوری مالکی، بەو مەبەستە پرۆژەیاسایەکیان ئامادە کردووە تا پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت. 

جەمال فاخر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون بۆ ئاژانسی ئەلمەعلومە قسەی کردووە و وتوویەتی: دەیانەوێت هێزە دەرەکییەکان بە تایبەت هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە. 

جەمال فاخر ئاماژەشی بەوە کردووە، کە بابەتی دەرکردنی هێزە دەرەکییەکان لە عێراق دەخەنە ڕۆژەڤی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و کاری یاسایی لە بەرامبەر هەبوونی ئەو هێزانە دەستپێدەکەن. 

ئەوەشی وتووە: هاوپەیمانی سائیرون کە گەورەترین هاوپەیمانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بابەتە بڕیار بدرێت، پێشنیارێکیان ئامادە کردووە و داوایان کردووە، کە بە پەلە هێزە دەرەکیەکان بە تایبەت هێزەکانی تورکیا و ئەمریکا لە عێراق بچنە دەرەوە.

جەمال فاخر لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەداوە: ئەو پرۆژەیاسایە دەدرێتە دەستەی یاسا و ئەوانیش پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتیی دەکەن و بۆ ئەوەی گفتۆگۆی لەسەر بکرێت و بڕیاری لەسەر بدرێت، پێویستە دەستەی سەرۆکایەتی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی بکات. 

بەپێ زانیاریەکانی ئەو ئاژانسە، یەکێک لە دانیشتنەکانی هەفتەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێویستە لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە بێت. 

لەسەر هامان بابەت عەباس زاملی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی بینا دەڵێت: لە قۆناغی دووەمی کارەکانیان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا پێشنیارێک بۆ وەدەرنانی هێزە دەرەکییەکان لە عێراق دەخەنە ڕۆژەڤی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، زاملی جەختی کردەوە، کە ئەو پێشنیارە لە دژی بوونی هێزە دەرەکییەکانە لەناو عێراق. 

زاملی لە کۆتاییدا وتوویەتی: زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران، لەگەڵ ئەوە هاوڕان کە هێزە دەرەکیەکان لە عێراق وەدەر بنرێن و ڕایگەیاند کە بۆ قبوڵکردنی ئەو پێشنیارە هیچ ئاستەنگیەک دەرنەکەوتووە. 


ک.ک