په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ داوای ئاشتی دەکەن

هه‌موو په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ بۆ پشتیوانی له‌یلا گوڤه‌ن، له‌ هۆڵی په‌رله‌مانی تورکیا ده‌ستیان به‌ نۆبه‌تگرتنی ئاشتی کرد و داوای ئاشتی دەکەن و دەیانەوێت کۆتایی بە گۆشەگیریی بێت.


ئەمڕۆ فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتیی گه‌لان -هه‌ده‌په‌، بۆ پشتیوانیکردن له‌ له‌یلا گوڤه‌ن، هاوسه‌رۆکی کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتی و په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په،‌ که‌ له‌پێناو کۆتاییهێنان به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر ئۆجالان ماوه‌ی ٩٠ ڕۆژه‌ مانی له‌ خواردن گرتووه‌، له‌ هۆڵی کۆبوونه‌وه‌کانی په‌رله‌مانی تورکیا ده‌ستیان به‌ چالاکیی "نۆبه‌تی ئاشتی" کرد بۆ ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.

هاوسه‌رۆکانی هه‌ده‌په‌ په‌روین بووڵدان و سه‌زای ته‌مه‌للی و هه‌موو په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌، به‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی وێنه‌ی له‌یلا گوڤه‌ن له‌ هۆڵی کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌ستیان به‌ چالاکییه‌که‌ کرد.

سه‌رۆکی فراکسیۆنی هه‌ده‌په‌ فاتمه‌ کورتالان وته‌یه‌کی پێشکه‌ش کرد و به‌بیری خسته‌وه‌، که‌ گوڤه‌ن ئه‌ندام ئه‌م په‌رله‌مانه‌یه‌ و ٩٠ ڕۆژه‌ له‌ مانگرتندایه‌. ئەو وتی: له‌یلا گوڤه‌ن ٩٠ ڕۆژه‌ له‌پێناو سه‌روه‌ریی قانوون و کۆتایی هێنان به‌ جیاکاریی، هه‌روه‌ها له‌پێناو هه‌ڵگرتنی گۆشه‌گیریی سه‌ر ئیمڕاڵی ده‌ستی به‌ مانگرتن کردووه‌.

ئەوەشی وت: کاتێک سیاسه‌ت کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کات، مرۆڤ ڕێی له‌ به‌رده‌م نامێنێته‌وه‌ و جه‌سته‌ی خۆی ده‌خاته‌ به‌رده‌م مردن، له‌یلا گوڤه‌ن و هاوڕێکانی که‌ ده‌ستیان به‌ مانگرتن له‌ خواردن کردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ مانیان گرتووه‌ تا قانوون سه‌روه‌ر بێت و جێبه‌جێ بکرێت، ده‌بێ ئێمه‌ له‌ژێر چه‌تری په‌رله‌ماندا چاره‌سه‌ری بدۆزینه‌وه‌، به‌ر له‌وه‌ی که‌سێک بمرێت، ده‌بێ په‌رله‌مان ده‌موده‌ست به‌ به‌رپرسایه‌تیی خۆی هه‌ستێت، ته‌نیا وه‌ها ده‌توانن ڕێ له‌ مردن بگرن، ئێمه‌ جارێکی دیکه‌ داوا ده‌که‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌یلا بژی، ده‌بێ په‌رله‌مان به‌ به‌رپرسایه‌تییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بکات".


ک.ک