پژاک: شۆڕشی ڕاستەقینە بە پێشەنگایەتی گەلانی ئێران دەکرێت

پژاک ڕایگەیاند، پێویستییە هەنووکەییەکان، قەیرانی قووڵ و بەرفراوان، هەژاریی و گەندەڵیی هەیکەلی، گەلانی ئێران بەرەو داخوازی کۆماری دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتیک دەبات. 


مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بە بەبیرهێنانەوەی سەردانەنواندنی کۆمەڵگای گەلانی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵ سەرکوتکاری ڕژێمی ئێران، جەخت لە بە ڕێکخستن بوون و گەشەدان بە تێکۆشان بۆ گەیشتن بە شۆڕشێکی ڕاستەقینە و دیموکراتی دەکاتەوە. 

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لە دەستپێکی ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: ٤٠ ساڵ بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێراندا تێدەپەڕێت، شۆڕشێک کە ڕیشەیەکی قووڵی سیاسی و فەرهەنگیی هەبوو هەموو گەلان و جیاوازییەکانی جوگرافیای ئێرانی لەخۆ دەگرت و ئامانجی سەرەکییشی دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتی لە ئێران بوو. 

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەیدا پژاک ئاماژە بە بوونی سیستم نەتەوە-دەوڵەت، کە بەرهەمێکی ڕۆژئاوایی بوو و هێنرایە ناو ئێران و ناکۆکییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگای ئێرانی دەکات و دەڵێت: لەم دۆخە بوو کە هەموو توێژ و کەسایەتیەکان لە ڕاست بگرە تا چەپی ڕادیکاڵ ڕێگایەک جگە لە تێکبردنی دۆخەکەیان نەبینی، شۆڕش بژاردەیەکی ڕاست بوو لە بەرامبەر حکومەتێک، کە هیچ گۆڕانکارییەکی قبوڵ نەدەکرد، لە بەرامبەر هیچ چەشنە دژایەتیەک خۆی پێڕانەدەگیرا و سەرتاپا گرێدراوی ڕۆژئاوا بوو. 

لە درێژەدا هاتووە: لە ڕاستیدا شۆڕشی ١٩٧٩ یەکێک لە گەلێریترین شێوەکانی شۆڕشەکان و گۆڕانکارییەکانی مێژوو لە جیهان بوو، بنەمایەکی مێژوویی هەبوو و لەسەر بنەمای هاوپەیمانی هێزە نەتەوەیی-دیموکراتییەکان بنیاتنرابوو و هەموو جوگرافیای ئێرانی لەخۆ دەگرت. 

پژاک بە ئاماژەدان بە دەستبەسەراداگرتنی شۆڕش لەلایەن کۆنەپارێزەکانەوە، دەڵێت: دەستبەسەراداگرتنی شۆڕش لەلایەن کۆنەپارێزەکانەوە، شێوەیەک دژە شۆڕشی و کودەتایەک لە کەشوهەوای شۆڕش بوو، هۆکاری بەسەرکارهاتنی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتی پشتوێنی سەوز لە بەرامبەر بڵاوەبوونی کۆمۆنیزم لە ئێران و وڵاتانی عەرەبی، بۆیە ئەمریکا و ئەوروپییەکان لە دەستپێکدا دژایەتی ئەم سیستمەیان نەکرد، بە پێچەوانەوە بەرامبەر ئەو بەڵگانەی دەستکەوتوون پشتیوانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیشیان لێکردووە، کە بە لاوازی و نەبوونی ڕێکخستنی هێزە دیموکراتەکان و هەروەها هاوکاری هێزە لیبراڵ و سەرمایەدارییەکانی ناوخۆ و دەرەوە، حکومەتی ئیسلامی لەسەر تەخت دانیشت. 

پژاک هەروەها لە ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەیدا بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ماوەی دەسەڵاتداریی و سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی و سەرهەڵدانەکانی توێژەکانی گەلانی ئێران، کە ناوبەناو کراوە، دەڵێت: جگە لە سەرهەڵدانەکانی پێشوو، سەرهەڵدانەکەی ساڵی ٢٠٠٠ بووبە ساڵی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆمەڵگا و دەوڵەت، ڕەوایەتی دەوڵەت لەناوچوو و مەکینەی کۆشتنی خۆی بۆ سەرکوتی گەل خستەکار، کە بووە هۆی ئەوەی هەرچی زیاتر خەڵک ناوەڕۆکی تاوانکارانەی دەسەڵات بناسن. 

لە درێژەدا هاتووە: لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە خۆپێشاندانەکان ڕۆژبەڕۆژ بەرفراوانتر بوون و هەموو توێژەکان، لە کرێکاران، ژنان، خانەنشینان، گوندنشینان و هەموو کەسانێک کە لەم ٤٠ ساڵەدا نکۆڵییان لێکرابوو، هاتنە ڕیزی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانەوە. 

پژاک هەروەها باس لەوە دەکات کە ئیدی کار گیشتووەتە شوێنێک کە سەرۆکی سیستم باس لە گۆڕانکاریی هەیکەلی دەکات و ئێستا دوای ٤٠ ساڵ دەزگای سەرکوتکای دەسەڵات سێ ڕێگەی لەبەردەمدایە؛

 ١- گۆڕانکاری هەیکەلی بە قازانجی سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەتە دەرەکییەکان ئەنجام بدەن و لە کۆتاییدا لەناو سیستمی سسەرمایەداری بتوێنەوە و خۆیان بەدەستەوە بدەن.

٢- بە شێوەیەکی سەروشکانە درێژە بە سەرکوتکاری و دەسەڵاتداری خۆیان بدەن و لەم ڕێگایەدا تووشی ڕووخان و تێکشکان ببن. 

٣- چاکسازی هەیکەلی و دیموکراتیک کە ویستی گەلانی ئێرانە جێبەجێ بکەن، کە پێویستە ئەم گۆڕانکارییانە لە چوارچێوەی بنیاتنانەوەی ئێرانێکی دیموکراتی بێت. 

لە کۆتاییدا پژاک مسۆگەر بوونی هەرکام لەم بژاردانە گرێ دەدات بە ڕێژەی فشار و ڕێکخستنبوونی گەلانی ئێران و توێژی گەنجان، ژنان، کرێکاران و بەگشتی هەموو بندەستەکان و دەڵێت: پێویستیە هەنووکەییەکان، قەیرانی قووڵ و بەرفراوان، هەژاری و گەندەڵی هەیکەلی، گەلانی ئێران بەرەو داخوازی کۆماری دیموکراتی و نەتەوەی دیموکراتیک دەبات، گەلانی ئێران لەم ٤٠ ساڵەدا ڕووبەڕووی سەرکوت بوونەتەوە، بەڵام تێکۆشان و خەباتێکی بێوچان-یش لەدژی بەردەوام بووە و نەوەستاوە، بەرخۆدان و خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان، بەتایبەت لەم دوو ساڵەی دواییدا بە پێشەنگایەتی کرێکاران، ژنان و گەنجان کە لەم ٤٠ ساڵەدا نکۆڵییان لێکراوە، نیشانەی وەرزێکی نوێ لە جموجۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێراندایە و بەرەو شۆڕشێکی ڕاستەقینە و دیموکراتی لەم جوگرافیایە دەچێت.  


ک.ک