پژاک و کۆدار و کۆمەڵە لە نەورۆزدا پەیامی یەکگرتووییان دا

شاندێکی پژاک و کۆدار سەردانی کۆمەڵە-ی کرد لە زڕگوێز و هەردوولا جەختییان لەسەر ئەوە کردەوە، کە "نەورۆز جەژنی خۆڕاگرییە و دەبێت لەبەرامبەر زوڵم و ستمی دەوڵەتی ئێراندا بەوپەڕی ئاستی بەرزی تیکۆشانەوە خۆڕاگربین و نەورۆز پیرۆز بکەین، هەروەها دەبێت پەیامی نەورۆزی لایەنە سیاسییەکان یەکێتیی و یەکگرتوویی بێت".


بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆزە وە شاندێکی پژاک و کۆدار کە پێکهاتبوون لە شەروین مەزڵوم، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک و مەزڵوم هەفتەن، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار سەردانی ڕێکخراوی حزبی کۆمۆنیستی ئێران-کۆمەڵە یان کرد لە گوندی زڕگوێز.

شاندەکە لەلایەن سەعید ئەمانی و حەسەن ڕەحمان پەنا وئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەوە پیێشوازییان لێکرا.

 لە کۆبوونەوەی هەردوولایاندا دوایین پێشهاتەکانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت باروودۆخی ئێرانیان تاوتوێ کرد و باسیان لە خۆڕاگریی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد و سەرکەوتنی هێزەکانی سوریای دیمووکرات و تێکشانی داعشیان پیرۆزکرد.

هەروەها، تیکۆشان و بەرخۆدانی ئازادیخوازن بۆ تێکشاندنی گۆشەگیریی سەر عەبدووڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بەرز هەڵسەنگێندرا و ئەو تیکۆشانە بە تێکۆشانێکی ئازادیخوازانە پێناسەی بۆکرا.

هەردوولا تاوتوێی ڕووداوەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کرد، دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆری چالاکوانان و قەدەغەکردنی جەژنی نەورۆز-یان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە خستە بەر باس و گفتوگۆ، هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە وەک چۆن نەورۆز واتایەکی مێژووی خۆراگریانەی هەیە، پێویستە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەبێ گوێپێدانە سیاسەتەکانی ڕژێم بە ڕۆحی خۆراگریەوە و بە جۆش و خرۆشێکی بەرزەوە بەرەو  نەورۆز بڕۆن و لە هەموو گوند و ناوچەو شارەکان جەژنی نەورۆز پیرۆز بکەن.

دوای کۆبوونەوەکە، شەروین مەزڵوم، ئەندامی نەنجومەنی پژاک لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز، پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز-ی کرد و تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەو جەژنە و وتیشی: خاوەندارییکردن لە نەورۆز خاوەندارییکردنە لە هەموو نرخەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی جیهان، لەبەرئەوە بۆ ئێمە پیرۆزە و دەبێت لایەنە سیاسیەکان بە ڕۆحی یەکگرتوویەوە ئەو جەژنە نەتەوەییە پیرۆز بکەن.

شەروین مەزڵوم لە بەرەدوامیی لێدوانەکەیدا ئاماژەی بە خۆڕاگریی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کرد و وتی: ئەمڕۆ گۆشەگیریی لە باکوری کوردستاندا هەیە، بێ گومان هەمان گۆشەگیرییش لەسەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، هەروەک چۆن ئەمرۆ بە پێشەنگایەتی ژن لە باکوردستاندا بەرخۆدانێکی بێ وێنە هەیە، بەهەمان شێوەی باکوری کوردستان ئەمرۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا لەناو بەرخۆدانییدان، بۆیە دەبێت لەم قۆناغەدا هەموومان لە دەوری یەکتر بین، لەدژی سیاسەتەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر بە ڕۆحێکی بەرز و بە یەکێتیەکی گەورە وەڵامی دوژمنان بدەینەوە.

لە کۆتایی قسەکانییدا شەروین مەزڵوم وتی:"ماوەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکوانان و ژینگەپارێزان لە لایەن ڕژێمەوە دەسگیردەکرێن، هەر بۆیە دەبێت نەورۆزی ئەمساڵ زیاتر لە یەکتری نزیک بینەوە و خاوەندارێتی لە زیندانیان گەلی کورد و ئازادیخوازان بکەین".

هەروەها، سەعید ئەمانی، لە سەر ناوی کۆمەڵە بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پژاک کرد و وتی: ئەمرۆ بەبۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی تازەوە بەرنامەیەکی هاوبەشمان هەبوو لە گەڵ هاوڕێیان پژاک دا، ئێمە هەوڵمان دا لەو دیمانەیەدا سەرەڕای پیرۆزبایی کردن لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پەیامی هاوپشتی و هاودڵی بە گەلەکەمان بدەین و پێیان ڕابگەیەنین کە ئاهەنگەکانی نەورۆز بە کۆمەڵ پیرۆز بکەن.

لە کۆتایی قسەکانیدا سەعید ئەمانی  ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران داوای لە هاوڵاتیان کرد، کە بە ڕۆحی خۆڕاگرییەوە بەشدار لە نەورۆزی ئەمساڵدا بکەن و وتی: بەشدارییکردنی خەڵک لە نەورۆزی ئەمساڵ دا پەیامی خاوەندارییکردن لە کۆڵبەران و پشتگیرییکردن لە زیندانیانی سیاسیی دەدات.

 

ش.ف