پۆلیسی تورک دایک و باوکی زیندانییەکیان دەستگیرکرد

دایک و باوکی زیندانییەک بەناوی مستەفا کۆچاک، لەشاری ئیستەنبوڵ چالاکیان بۆ ئازادکردنی کوڕەکەیان ئەنجامدا، بەڵام لەلایەن پۆلیسی تورکەوە دەستگیرکران.


مستەفا کۆچاک، کە تەمەنی ٢٨ ساڵە و بەهۆی دانپێدانانی کەسێکەوە، سزای هەتا هەتایی بۆ بڕاوەتەوە، مستەفا، لەدژی ئەو سزایەی بەسەریدا سەپێندراوە، دەستی بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کردبوو، دوای ٩٠ ڕۆژ لە مەنگرتن چالاکی مانگرتنەکەی کرد بە مانگرتنی تا مردن، ئێستا ٢٠٧ ڕۆژە بەردەوامە لە مانگرتن و مەترسی لەسەر ژیانی دروستبووە.

بانگەوازی و هۆشداریی

دایک و باوکی مستەفا کۆچاک، بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر ئەو ناحەقییەی بەرامبەر کوڕەکەیان ئەنجامدراوە و ئەو مەترسیانەی لەسەر ژیانی هەیە، لە گۆڕەپانی خالکەدانی سەر بە ناوچەی کادکۆی لە شاری ئیستەنبوڵ چالاکییەکیان ئەنجامدا، لە چالاکییەکەدا بانگەوازییەکیان ئاڕاستەی ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و ڕێکخراوە دیموکراتیەکان کرد و داوایان کرد، کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی کوڕەکەیان هەوڵبدەن.

'بۆ داد و یەکسانی بەرەو مردن دەچێت'

زەینەپ کۆچاکی، دایکی مستەفا ڕوو لە ڕۆژنامەنووسان وتی: کوڕەکەم لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا بۆ داد و یەکسانی بەرەو مردن دەچێت.

حەسەن کۆچاکی باوکیشی وتی: کوڕەکەم چی کردووە؟ بووە بە قوربانی دەستی کەسێک، کە دانپێدانانی کردووە و ناوی ئەوەی هێناوە. لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا کوڕەکەم دەنێرن بۆ مردن، من دەپرسم ئایا ئەگەر منداڵی وەزیرێک بوایە، بەم شێوەیە دەبوو؟

هێزەکانی پۆلیس، نەیان هێشت چالاکییەکەی دایک و باوکی مستەفا، بەردەوام بێت و دەستگیریان کردن.

د.ع