پۆلیسی ھەولێر لە بارەی گیان لەدەستدانی مامۆستا ئاینییەکەوە ڕوونکردنەوەی بڵاوکردەوە

لە بارەی ئەو مامۆستا ئاینییە کەرکوکیەی لە شاری هەولێر لە ڕووداوێکی نادیاردا گیان لەدەستدا، پۆلیسی ھەولێر ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.


 دوێنێ تەرمی مامۆستا یوسف ئەحمەد شێخ بزێنی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی حاجی عاسی، کە خەڵکی شاری کەرکوکە لە باڵەخانەیەکی ناو شاری هەولێر دۆزرایەوە و دوای ئەوەش خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هۆکاری گیان لە دەستدانەکەیان بە نادیار ناوبرد. 
لە بارەی گیان لەدەستدانی ئەو مامۆستا ئاینییەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھەولێر، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتبوو: "دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن پاسەوانانی شوقەکانی زانیاری بە بوونی تەرمێک لە شوقەکەیان کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی بەیانی ڕێکەوتی ٢١-١١-٢٠١٩ دەستبەجێ تیمی لێکۆڵینەوەی بنکەی پۆلیسی خانەقا لەگەڵ تیمی بەڵگەو تاوان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دواتر تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی کرا و دوای پشکنین و توێکاریکردنی تەرمەکە دەرکەوت کەوا، کەسێک بەناوی (یوسف ئەحمەد محەمەد) لە دایکبووی ١٩٧٨خەڵکی کەرکوکە".
لە ڕوونکردنەوەکەی پۆلیسی ھەولێردا هاتووشە "بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکی دادی دەرکەوت کەوا ھیچ شوێنەوارێکی گوللـه و لێدان یان ھەر ھۆکارێکی تر بە جەستەوەیەوە دیار نەبووە و گیان لەدەستدانەکەشی تەنھا کەوتنە خوارەوە له شوێنێكی بەرزەوە بووە، وە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و لەھەر پێشھاتێکی لێکۆڵینەوەکان ڕوونکردنەوە دەخەینەڕوو".
مامۆستا یوسف، جگە لە ئەرکە ئاینییەکەی مامۆستای دواناوەندی بووە و لە کۆتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشدا وەک کەسایەتیەکی سەربەخۆیی شاری کەرکوک خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە کاندید کردبوو، کەسێکی وڵاتپارێزیش بوو.
ک.س