پێشمەرگە و سوپای عێراق لە جموجوڵەکانی داعش دەکۆڵنەوە

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق بڕیاریانداوە‌ لیژنه‌ی هاوبەش دروست بکه‌ن و سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌ بکه‌ن، که‌ مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشی لێده‌کرێت.


هه‌فته‌ی ڕابردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق به‌ ئاماده‌بوونی به‌شێک له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌کانی عێراق و پێشمه‌رگه‌، له‌ بارەگای وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق له‌ به‌غدا کۆبوونه‌وه‌.

لیوا قاره‌مان که‌مال، جێگری سه‌رۆکی ده‌سته‌ی ئه‌رکانی ئۆپەراسیۆنه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و یەکێک لە بەشداربوانی کۆبوونەوەکە، به‌ ڕۆژنیوزی وت: له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا بڕیار دراوه‌ سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپای عێراق لیژنه‌یه‌ک دروست بکات و به ‌شێوه‌یه‌ی مه‌یدانی سه‌ردانی ئه‌و ناوچانه‌ بکات، که‌ جموجوڵی داعشی تیدایه‌ له‌ سنوری پارێزگاکانی موسڵ، دیاله‌، سەڵاحدین و که‌رکوک، لیژ‌نه‌که‌ ئه‌رکێتی به ‌وردی له‌و ناوچه‌ بگه‌ڕێت و مه‌ترسییه‌کانی داعش و زیندووبوونه‌وه‌یان له‌و ناوچانه‌ بخه‌نەڕوو. 

ئاشکراشیکرد: له‌ کۆبووه‌نه‌وه‌که‌شدا ڕێکه‌وتووین، که‌ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕاپۆرتێک له‌سەر سنوری که‌رکوک، مه‌خموور، موسڵ سەڵاحه‌دین ئامادە بکەن و به ‌شێوه‌ی مه‌یدانی بچنه‌ ئه‌و ناوچانه‌وه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ بکه‌ن، دواتر هه‌ردوو لیژنه‌که‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپای عێراق ده‌چنه‌ لای یه‌کتر له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، هه‌ردوو ڕاپۆرتی دوو لیژنه‌که‌ له‌وێ به‌دواداچوونی بۆ ده‌کرێت.

ڕوونیشی کردووه‌: تا ئێستا هیچ میکانزمێکی تازه‌ نیه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وەی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناکۆکان.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ به‌شێک له‌ شاره‌کان وه‌ک که‌رکوک و مه‌خموور پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق به‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوبه‌شی ئه‌و لیژنه‌یە پێکده‌هێنن و به‌ هاوبه‌شی سه‌ردانی مه‌یدانیی ده‌که‌ن.

 

ک.ک