پێشنیاری قەدەغەکردنی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەبرێتە پەرلەمانی ئێران

ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندووە، کە بە پشتبەستن بە قسەکانی خامنەیی بۆ حەرامبوونی چەکی ئەتۆمی، پێشنیاری قەدەغەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی دەداتە پەرلەمانی ئێران.


شەوی ڕابردوو مەحمود سادقی ئەندامی پەرلەمانی ئێران لەسەر هەژماری تویتەرەکەی خۆی نووسیویەتی:"بە سەرنجدان بە فتوای ڕێبەر بۆ بە حەرام زانینی چەکی ئەتۆمی، پێشنیاری قەدەغەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێشکەشی ئەنجومەنی شورای ئیسلامی (پەرلەمان) دەکەم".

ئەوە لە کاتێکدایە، چوارشەممەی ڕابردوو، عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، لە دیداری ماموستایانی زانکۆدا، وتبووی:"سەرەڕای توانای باڵای زانستیمان لەبواری ئەتۆمی-دا، بەڵام هەرگیز بەدوای چەکی ئەتۆمییەوە نیین، چونکە ئێمە بەپێی فیقهـ، دین وشەرع، چەکە کۆمەڵکوژەکان لەوانە ئەتۆمی و کیمیاوی بە حەرام دەزانین و بۆ وەڵام دانەوەی ئەمریکا دەست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نابەین".

س.ح