پێنج کوتلە لە پەرلەمان کاندیدێک بۆسەرۆک وەزیرانی نوێ ئاشکرادەکەن

بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بلاوکراوەتەوە، پێنج کوتلەی سیاسی لەژێر ناوی هاوپەیمانی بنیاتنان، بە ڕەسمی ناوی کاندیدی خۆیان بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق پێشکەشی سەرۆک کۆمار کردووە.


بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە، هەریەک لە کوتلەکانی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا، بەسەرۆکایەتی نوری مالکی، هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری، هاوپەیمانی عەقدی نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی فالح فەیاز، هاوپەیمانی ئەلقوەی عێراقی بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی و هاوپەیمانی میحوەر بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، کە هەرپێنج فراکسیۆنەکە لەژێر هاوپەیمانی بنیاتنان یەکیان گرتووە، قوسەی سوهێل کاندیدیانە بۆسەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق.

قوسەی سوهێل کە پێشتر وەزیری خوێندنی باڵابوو، لە ئێستادا لەلایەن ئەو پێنج کوتلەوە کاندیدە و داواشیان لە د.بەرهەم سالح سەرۆک کۆماری عێراق کردووە، کە کاندیدەکەیان ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.

ئەمڕۆش ئلیاس ساموک وتەبێژی دادگای باڵای عێراق ڕایگەیاند، کە گەورەترین کوتلە لە پەرلەمان ئەو کوتلە دەبێت کە لە دوای هەڵبژاردنەوە دروست بووەو خاوەن یەک لیستی هەڵبژاردنە، بەم پێیەش لە ئێستادا کوتلەی سائیروون بە سەرۆکایەتی سەدر خاوەن گەورەترین کوتلەیە لە پەرلەمان کە خاوەنی ١٨٠کورسی پەرلەمانە، هەروەها هادی عامری و نوری مالکی کە خاوەنی ١٤٥ کورسی پەرلەمانن، لە هەوڵی ئەوەدان هاوپەیمانیەکی گەورەتر لە سائیروون دروست بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کاندید بۆ جێگرەوەی عادل عەبدولمەهدی پێشکەش بکەن.

دوای دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لایەنە سیاسیەکان لە هەوڵی ئەوە دان بەرەیەکی بەهێز لەناو پەرلەمانی عیراق درووست بکەن و ئەرکی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو لە ئەستۆ بگرن.

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرجەم ئەو کاندیدانە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕەتدەکرێنەوەو داوا دەکەن، کەسێکی عێراقی خاوەن یەک ڕەگەزنامە ببێت بە سەرۆک وەزیران کە پێشتر هیچ پۆستێکی حزبی و حکومی نەبووبێت و تێوەنەگلابێت لە گەندەلی و جێگای ڕەزامەندنی خۆپیشاندەران و بەدیهێنانی بەرپرسیارییەتیەکان بێت.

ب.ش