پەرلەمانتارێکی پێشووی هەدەپە بە ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی سزادرا

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ دادگای ته‌میز دۆسیه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی كردن به‌سه‌ر گولسه‌ر یڵدرم په‌رله‌مانتاری پێشووی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان- هه‌ده‌په‌، سه‌پێندرا.


دادگای ناوچه‌ی دیلۆك سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی كردنی گولسه‌ر یڵدرم-ی هه‌ڵوه‌شاندبوویه‌وه‌، به‌ڵام دوای ئه‌و بڕیاره‌ چواره‌مین دانیشتنی دادگا ده‌رباره‌ی دۆسیه‌كه‌ له‌ دادگای سزا قورسه‌كانی مێردین به‌ڕێوه‌چوو.

په‌رله‌مانتارانی هه‌ده‌په‌ ئه‌بروو گونای، ده‌رسیم داغ، ئایشه‌ ئاجار باشاران، كه‌سوكاری گولسه‌ر یڵدرم و نوێنه‌رانی ڕێكخستنه‌كانی هه‌ده‌په‌ له‌ مێردین و ده‌وروبه‌ری، له‌ دانیشتنه‌كه‌ی دادگادا ئاماده‌ بوون، ڕاگه‌یه‌نرا به‌هۆی باری ته‌ندرووستییه‌وه‌، یڵدرم ڕازی نه‌بووه‌ به‌ ئۆتۆمبێلی ئه‌منی بگوازرێته‌وه بۆ هۆڵی دادگا.

پارێزه‌رانی گولسه‌ر یڵدرم هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئه‌ردال كووزوو و ئازاد یڵدرم له‌ دانیشتنه‌كه‌دا به‌رگرییان كرد و به‌بیریان خسته‌وه‌ كه‌ له‌ دادگای ته‌میز سزاكه‌ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌، هاوكات پارێزه‌ر گوڵستان دووران ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ یڵدرم به‌هۆكاری سیاسی به‌ند كراوه‌ و وتی: یڵدرم زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ زیندانی كراوه‌، ئه‌مه‌ به‌ گوێره‌ی پێوانه‌كان نییه‌ و به‌هۆی ئه‌م مامه‌ڵه‌یه‌ چه‌ندین جار دادگای مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا حكومه‌تی توركیای مه‌حكوم كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانین دادگای مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا بڕیارێك بدات.

دوای قسه‌كردنی پارێزه‌ران، دادگا هه‌مان بڕیاری پێشووی دا و سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی كردنی بۆ گولسه‌ر یڵدرم بڕیه‌وه‌ و بڕیاری دا له‌ زینداندا بمێنێته‌وه‌.

د.ع