پەرلەمانتارێک حکومەت بە بەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر تەقینەوەکانی تەلەعفەر

لەشارۆچکەی تەلەعفەری سەر بە پارێزگای نەینەوا بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی پاشماوەی چەتەکانی داعش چوار هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و داوانی دیکەش برینداربوون، پەرلەمانتارێکیش حکومەتی عێراق بە کەمتەرخەم دەزانێت و دەڵێت: پێویستە لەسەر سەرۆک وەزیران چارەسەری ئەو دۆخەبکات و ناوچەکە پاک بکەنەوە لە تەقەمەنی.


ئەمڕۆ لیلیان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە ڕووداوی تەقینەوەکانی شارۆچکەی تەلەعفەر ئەنجامدا.

لیلیان محەمەد، لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتی: ئەمرۆ تەقینەوەی چەند بۆمبێکی چێندراوی پاشماوەی داعش بووە هۆی كوژرانی چوار هاوڵاتی و برینداربوونی دوو هاوڵاتی دیکە لە تەلەعفەر، کە سەرقاڵی کارکردن بوون لە کێڵگەکانیاندا

ئەو پەرلەمانتارەی پێكهاتەی توركمان نیگەرانی خۆی لە خەمساری حكومەتی عێراقی دەربڕی بۆ پاککردنەوەی بۆمبەکانی پاشماوەی چەتەکانی داعش و وتی: حکومەت تائێستا نەیتوانیوە ئەو ناوچانە لە بۆمبی چێندراو و تەقەمەنی پاكبكاتەوە، ئەم ڕووداوانە چەندین جار دووبارە دەبنەوە پێویستە لەسەر سەرۆك وەزیران بەجدی چارەسەریی ئەو كێشەیە بكات.

د.ع