پەرلەمانی ئێران لێپرسینەوە لە وەزیری کار و هەرەوەزیی دەکات

عەلی ڕەبیعی، وەزیری هەرەوەزیی، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایتی ئێران بانگهێشتی پەرلەمان کرا بۆ لێپرسینەوە و پەرلەمانتاران پرسیارەکانی خۆیانیان ئاڕاستە دەکەن.


سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە کاتێکدا کە عەلی ڕەبیعی، وەزیری هەرەوەزیی، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایتی ئێران پێی وابوو ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران واژۆکەیان بۆ لێپرسینەوە لێی وەردەگرنەوە چووە پەرلەمان، بەڵام پەرلەمانتاران واژۆکانیان وەرنەگرتووە و دانیشتنی لێپرسینەوە لە وەزیری هەرەوەزی، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی دەستیپێکرد.

لە ئێستادا پەرلەمانتاران لەبارەی بەڵێنەکانی وەزارەتی کار بۆ دابینکردنی دەرفەتی کار، جیاکاریی لە مووچەکان، دۆخی خانەنشینان و بیمەی کرێکاران پرسیار لە عەی ڕەبیعی دەکەن.

پەرلەمانتاران ئاماژەیان بەوە دا، کە دەوڵەت بەڵێنی دابینکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن دەرفەتی کارکردنی دابوو، بەڵام تا ئێستا تەنیا ٣٠٠ هەزار دەرفەتی کاری دابینکردووە، لەلایەکی دیکەوە ڕەخنەیان لە گەندەڵیی لە وەزارەتی هەرەوەزی، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی گرت.

یەکێک لە پەرلەمانتاران لە پەرلەماندا ڕایگەیاند، کە لە هەفتەی ڕابردوو لە چەندین لایەنەوە هەڕەشەم لێکراوە کە لەم دانیشتنەدا باس لە ژیانی شەخسیی عەلی ڕەبیعی و گەندەڵییەکانی نەکەم.

جێگای ئاماژەیە، کە لە کۆی ٢٢ ملیۆن هاوڵاتیی ئێرانیی، کە کاردەکەن، ١٣ ملیۆنیان کرێکارن، ئەوانەش بە ئەندامانی خانەوادەکانیانەوە نزیکەی ٤٥ ملیۆن کەس لە ژمارەی دانیشتووی تەواوی ئێران پێکدێنن، نەبوونی بیمە و بەرزنەبوونەوەی مووچەی کرێکاران بەراورد بە ڕێژەی هەڵئاوسانی ئابووریی لە وڵاتدا هۆکاری ناڕەزایی کرێکارانی ئێرانییە.

هەروەها لەو کاتەوەی کە دەوڵەتی ڕۆحانی بەڕێوەبردنی ئێرانی بەدەستەوە گرتووە، واتە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا یەک ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس بێکارکراون، ئەوە لە کاتێکدایە کە بانگەشەکانی دەوڵەت دابینکردنی دەرفەتی کار بوو نەک بێکارکردنی کرێکاران.

 

ش.ف