"پەرلەمانی نوێی عێراق کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا دەهێنێت"

عەبدولهادی موحان، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بونیاتنانانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، کە ئەم پەرلەمانە نوێیە کۆتایی بە هێرشەکانی سوپای تورک بۆسەر باشوری کوردستان دەهێنێت.


عەبدولهادی موحان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی مەعلومەی عێراقی ڕایگەیاندووە، ئێمە بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک ڕەتدەکەینەوە لە باکوری عێراق، 'باشوری کوردستان'.

عەبدولهادی موحان ڕایگەیاند: دەوڵەتی تورک دەڵێت، کە بەپێی ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕژێمی سەدام پێگەکانی پەکەکە بۆردوومان دەکات، ئێمە کۆتایی بەو بۆردوومانانەی سەر باکوری عێراق دەهێنین.

ڕاشیگەیاند: پاش پێکهێنانی دەوڵەت و پەرلەمانی نوێی عێراق، کۆتایی بەو ڕێککەوتنە دەهێنین، داوا لە دەوڵەتی تورک دەکەین دەستبەرداری دەستێوەردانە سەربازییەکانی لە خاکی باکوری عێراق ببێت، یان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، کە ڕێکارە یاساییەکان ئەنجام بدات.

لەکۆتاییشدا ئاماژەی داوە: داوا لە سەرۆک وەزیرانی نوێ و وەزیری دەرەوە دەکەین، کە بەپێی یاسا لەگەڵ دەوڵەتی تورک هەڵسوکەوت بکەن و کۆتایی بەو بۆردوومانانە بهێنن.

س.ح