پەنابەرێک: نە لە ئێران و نە لە تورکیا ژیانم پارێزراو نییە

پەنابەرێکی ئێرانی کە بە تۆمەتی "بەرەنگاربوونەوە و سووکایەتی بە پۆلیس" حەوت مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و هەروەها ١٠ هەزار و ٦٠٠ لیرەی تورکی لە تورکیا سزا دراوە، دەڵێت: نە لە ئێران و نە لە تورکیا ژیانم پارێزراو نییە.


پەنابەرێکی ئێرانی بەناوی ئسماعیل فەتاحی، کە بە هۆکاری سیاسی چوار ساڵ لەمەوبەر چووەتە شاریدەنیزلی تورکیا، بە وتەی خۆی هەندیک کەس بە تەلەفوون پەیوەندییان پێوەکردووە و خۆیانیان وەک پۆلیس ناساندووە، بەڵام ئەو ئامادە نەبووە بیانبینێت، دواجار لە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٨ بە بیانوی ئەوەی "زانیاری لە دژ دراوە" هەڵیانکوتاوە سەر ماڵەکەی و دەستگیریان کردووە.

ئەو پەنابەرە کە ناویشی لە پێگەی پەنابەرانی سیاسی نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کراوە، هەم لە کاتی هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی، هەم لەکاتی سەرخستنی بە ئۆتۆمبێلی پۆلیس و هەروەها لە ناوەندی پۆلیسیش ئەشکەنجە دراوە، دوای ئەوەی براوەتە بنکەی پۆلیس بێ ئەوەی ئیفادەی لێ وەربگیرێت، ئازادکراوە، بەڵام بەهۆی لێدانی لەلایەن پۆلیسەوە سکاڵای لەدژی پۆلیس تۆمارکردووە، کەچی بە بانگەشەی "بەرەنگاربوونەوە و سووکایەتی بە پۆلیس" لێپرسینەوەی لێکراوە و ئیفادەی وەرگیراوە، بەهەمان تۆمەت دادگای دەنیزلی دۆسیەی بۆ کردووەتەوە و حەوت مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان و هەروەها ١٠ هەزار و ٦٠٠ لیرەی تورکی سزای بۆ بڕیوەتەوە.

لە کاردانەوە بەرامبەر ئەو هەڵسوکەوتەی پۆلیسی تورک فەتاحی وتوویەتی: سکاڵای من لەدژی پۆلیس لەبەر چاو نەگیراوە و پۆلیس بۆ ئەوەی تاوانەکەی خۆی بشارێتەوە، ئەو دۆسیەیەی بۆ من کردووەتەوە.

دەپرسێت: داخۆ چۆن بەدەستی کەلەبچەکراو بەرەنگاری پۆلیس بوومەتەوە؟، چۆن بەرگری لە خۆم بکەم؟، من سووکایەتیم نەکردووە، تەنیا ئەوەم وتووە کە مافی ئەو پێشێلکارییانەم بدەنەوە.

فەتاحی بە ئاماژە بەوەی کە بە زەحمەت ژیانی لە تورکیا تێپەڕدەبێت و هەزاران کەسی وەک ئەو لەو وڵاتەدان، دەڵیت: چوارساڵە هەوڵدەدەم لە تورکیا بچمە وڵاتێک کە ژیانم پارێزراو بێت، چونکە "نە لە ئێران و نە لە تورکیا ژیانم پارێزراو نییە".

س.ح